سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سعودیە دەکات

07-11-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران هەفتەی داهاتوو سەردانی سعودیە دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی تایبەت بە فەلەستین و دۆخی غەززە دەکات.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، بریارە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەردانی ریازی پایتەختی سعودیە بکات.
 
میدیای ئێران رایگەیاندووە، ئیبراهیم رەئیسی لە ریاز بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەرکردەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی سەبارەت بە فەلەستین و دۆخی غەززە دەکات، کە لەسەر بانگەوازی سعودیە بەڕێوەدەچێت.
 
رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، "لەسەر داوای سعودیە کە سەرۆکایەتیی ئەم خولەی رێکخراوی وڵاتانی ئیسلامی دەکات، کۆبوونەوەی نائاسایی ئەو رێکخراوە سەبارەت بە فەلەستین لە رۆژی یەکشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2023 لە شاری ریاز بەڕێوەدەچێت."
 
دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، ئەم سەردانە دەبێتە یەکەم سەردانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بۆ سعودیە.
 
رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کە 57 وڵاتی ئیسلامی تێیدا ئەندامن، 10 رۆژ دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بۆردوومانی تووندی کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەبارەی دۆخی فەلەستین و غەززەوە کردبوو.
 
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشداری لەو کۆبوونەوەی کۆمیتەی جێبەجێکاری رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی کرد و لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە، لەگەڵ سکرتێری گشتی رێکخراوەکە کۆبووەوە و داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد، "هەناردەی نەوت بۆ ئیسرائیل رابگرن و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچرێنن."
 
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە، کە شەڕی حەماس و ئیسرائێل لە 32یەمین رۆژیدا بەردەوامە و سوپای ئیسرائیل جگە لەوەی کە بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە، لە چەند لایەکەوە چووەتە نێو خاکی غەززەوە و دەیەوێ گەمارۆی سەر کەرتەکە تووندتر بکات.
 
بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژ بە ئیسرائیل راگەیاند. ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری پۆڵاین"ی راگەیاند و بە تووندی غەززە بۆردوومان دەکات.
 
هەروەها بەپێی میدیای فەرمیی ئێران، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە رۆژی چوارشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2023 گەشتێک بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەراست دەستپێدەکات و سەردانی تاجیکستان و ئۆزبەکستان دەکات. بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە لە سەردانەکەیدا بۆ تاجیکستان، لەگەڵ ئیمامعەلی رەحمان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، دواتر رۆژی پێنجشەممە بەرەو تاشکەندی پایتەختی ئۆزبەکستان گەشت دەکات بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی سەرکردەکانی رێکخراوی هاوکاریی ئابووری ئیکۆ بکات.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە