رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپای راگەیاند، "ئەگەر ئامانجەکانتان لەناوچەکەدا جیاوازن، دەتانەوێت بە بەبیانووی داعش، پەکەکە بەهێزبکرێت وخزمەت بە سیاسەتی دیکە بکرێت، ئەوە رێگەپێدراو نییە". هاوتا ئوردنییەکەشی رایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکەدا پشتیوانی تورکیا دەکەن.
رۆژی دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندێکی باڵای ئوردن بە سەرۆکایەتیی ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوە، لیوا یوسف حونەیتی، سوپاسالار و لیوا ئەحمەد حوسنی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری گەیشتنە ئەنقەرە. لەگەڵ هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی (میت) کۆبوونەوەیەکی داخراویان کرد.
کۆبوونەوەکە نزیکەی چوار کاژێری خایاند، دواتر هاکان فیدان و ئەیمەن سەفەدی، قسەیان بۆ میدیاکان کرد. هاکان فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە تورکیا هەوڵی بێوچان دەدات لە بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"دا و لەو رووەوەش سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هاکان فیدان گوتی: "بەداخەوە بوونی زۆر رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی داعش لەودیو سنوورەکانمانن، داعش ژەهرێکە بۆ کۆمەڵگەی موسڵمانان. ئەوە شتێک نییە ئێمە لێی بێدەنگ بین کە بە بەکارهێنانی ئایینەکەمان تووندوتیژی بێ سنوور بکرێت، بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە لە ناوچەکەماندا دووبارە داعش سەرهەڵنەداتەوە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە دۆخی نوێی سووریا کرد و گوتی: "لە سووریا هەلومەرجەکان گۆڕاون و کۆتاییهاتنی پەکەکە و یەپەگە لەو وڵاتە لە ئان و ساتدایە و، ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپا رۆڵی پاسەوانیان بە پەکەکە/یەپەگە داوە و رێکخراوەکە لە ژێر پەردەی بەرەنگاربوونەوەی داعش نیشاندراوە، ئەویش لەگەڵ راستییدا یەکناگرێتەوە و ناگونجێت."
هاکان فیدان لەبارەی پشتگیرییەکانی رۆژئاوا بۆ هەسەدە گوتی: "[رۆژئاواییەکان] ئەگەر ئامانجەکانتان لەناوچەکەدا جیاوازن، دەتانەوێ بە بەبیانوی داعش، پەکەکە بەهێزبکرێت و خزمەت بە سیاسەتی دیکە بکرێت، ئەوە رێگە پێدراونییە. لەم پرسەدا زۆر هەستیارین. زۆر لە نزیکەوە چاودێری دەکەین. لە دۆخێکدا نین تەنیا تەماشا بکەین، بەڵکو لە دۆخێکداین دەتوانین تێکیشی بدەین".
هاکان فیدان ئاشکرای کرد، بەمنزیکانە عێراق، ئوردن و تورکیا لەبارەی سووریا کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی دەکەن، پێشهاتەکان دەخەینە سەر مێزی گفتوگۆ.
لەلایەکی دیکەوە ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، هاتوون بۆ گفتوگۆکردن و پرس و راوێژکردن لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هەڵسەنگاندنی لە هەموو روویەکەوە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن لەبارەی پەکەکە گوتی: "پێشتریش گوتوومە و لێرەش دووپاتی دەکەمەوە هەر شتێک هەڕەشە بۆ ئاسایشی تورکیا پێکبهێنێت ئێمە لە دژی دەوەستین و پێمانوایە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکەش. پشتیوانی لە خەباتی تورکیا دەکەین لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە. ئێمەش لە دژی پەکەکەین و لە دژی هەموو شتێکین کە مەترسی بۆ تورکیا دروست دەکات."
هەر سەبارەت بە پەکەکە ئەیمەن سەفەدی گوتی: "بەدڵنیاییەوە پەکەکە نوێنەرایەتیی کورد ناکات. کورد پێکهاتەیەکی سەرەکیین لە سووریا، لەمبارەیەوە لەگەڵ تورکیا کۆکین و پشتیوانییان لێدەکەین. گەلی کورد مافی خۆیەتی هاوشێوەی پێکهاتەکانی دیکەی سووریا مافیان پێ بدرێت و نوێنەرایەتیی خۆیان هەبێت و بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. گرنگە سووریاییەکان دەست لەناو دەست بنێن بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاکبکەنەوە و بیر لە داهاتوویان بکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ