رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی تورکیا و سەرۆکی میت، لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی کەرکووک دەکەن و بۆ ئەو مەبەستەش، پەیوەندییان بە "ماڵباتی بارزانی" و محەممەد شیاع سوودانییەوە کردووە.
رۆژی سێشەممە، 05-09-2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین و گەڕانەوەی لە رووسیا رایگەیاند؛ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، لە نزیکەوە دۆخی کەرکووک تاوتوێ دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "بە هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵنی سەرۆکی میت-م گوتووە لە نزیکەوە تاوتوێی دۆخی کەرکووک بکەن و پەیوەندییان بە ماڵباتی بارزانی و سوودانییەوە کردووە. دوێنێ لە دوای لێدوانەکانی هاکان فیدان لە ئێران، رەوشەکە ئارام دەردەکەوێت".
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، نابێت ئاشتی و ئارامی کەرکووک تێکبچێت و ئەو جموجۆڵانەی دەبنە هۆی تێکچوونی رەوشی کەرکووک رابگیرێن. کەرکووکی زێدی تورکمانەکان، جواگرافیایەکە کە سەدان ساڵە تێیدا کولتووری جیا بە ئاشتییانە دەژین، ئێمە رێگە نادەین ئارامی و یەکبوونی ئەم جواگرافیایە تێکبچێت.
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا گوتی، "بەداخەوە ئەسەد لە دوورەوە سەیری ئەو هەنگاوانە دەکات کە بۆ ئاساییبوونەوە دەنرێن، تێکەڵی کارەکان نابێت، بەو هیوایەین سووریا جێی خۆی لەناو ئەو کارانەدا قایم بکات و دەرگەی خۆی واڵا بکات. ئێمە لە سەرەتاوە گوتمان، دەبێت پێڤاژۆی چوارقۆڵی کە لەبارەی سووریاوەیەوە، بەبێ مەرج بێت. بۆ ئەوەی پێشڤەچوون هەبێت، بۆ ئەوەی پێشڤەچوون هەبێت، دەبێ رژێمی سووریا بەگوێرەی ئەو راستییانەی کە هەن هەنگاو بنێت و دووربکەوێتەوە لەو هەڵوێستانەی کە زیان بە پێڤاژۆکە دەگەیێنن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی دۆخی ئێستا دێرەزووریش گوتی، "هۆزە عەرەبەکان دەیانەوێت لە زێدی خۆیان بمێننەوە، خاوەنی راستەقینەی ئەو سنوورە ئەوانن، پەکەکە و یەپەگە خاوەنی ئەوێ نین، هەڵوێستی هۆزە عەرەبەکان لە دژی پەکەکە و یەپەگە شەرەفمەندانە، نەتەوەیی و نێوخۆییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ