رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکرێت، لە نێوان بەربژێری دیموکراتەکان، کامالا هاریس و بەربژێری کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ، هەرکامیان هەڵبژاردنەکە ببەنەوە و بچنە کۆشکی سپی، رووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگیی کورتمەودا و درێژمەودا دەبنەوە و، ناچارن کاتیان بۆ تەرخان بکەن.
پڕۆفیسۆر کڵاوس، مامۆستای زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی نۆرس کارۆڵاینا و لە سەنتەری وڵسنیش لێکۆڵینڤانە، ئەو بۆچوونی وایە، پرسی شەڕی ئۆکراینا و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەو دوو پرسەن لە یەکەم رۆژەوە یەخەی سەرۆک دەگرن، بەشێوەیەکی گشتی و لە دوورمەوداش، ململانێکان لەگەڵ چین، ئاستەنگیی گەورەی بەردەم سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەبن.
پڕۆفیسۆر کڵاوس لارێس بە رووداوی گوت: "ئێمە نازانین کێ دەبێتە سەرۆک، بەڵام هەرکامێکیان بێت دەبێت کار لەسەر ئاستەنگە هەنووکەییەکان و ئاستەنگە درێژمەوداکانیش بکات، سەبارەت بە ئاستەنگە هەنووکەییەکان، من دەڵێم رووسیا و شەڕی ئۆکراینا، کە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی دڕندانە بەردەوامە و پێویستە لە خاڵێکدا کۆتایی پێبهێندرێت و هیوادارم بەم زووانە بێت. دووەمیش رووداوەکانی غەززە، لوبنان و شوێنەکانی دیکە، دەبێت ئەمەش چارەسەر بکرێت و ناکرێت ئەو شەڕە دڕندانەیە بەردەوامبێت کە هەموو ناوچەکەی ناسەقامگیر کردووە. ئاستەنگی درێژخایەنیش بە ئەگەری زۆرەوە چینە، کێبڕکێی ستراتیجی نێوان چین و ئەورووپا و ئەمریکا دەبێت چارەسەر بکرێت''.
بەوپێیەی ئەمریکا وڵاتێکی زلهێزە و هەژموونی بەسەر چەندین ناوچە و وڵاتی دیکەوە هەیە، ناتوانێت خۆی لە قەیرانە هەرێمی و جیهانییەکان بەدوور بگرێت، بەتایبەتیش ئەو قەیرانانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاوە هەیە.
بەشێک لە لێکۆڵینڤانەکانی واشنتن بۆچوونیان وایە، ناکۆکییە سیاسییە نێوخۆییەکانی ئەمریکا زۆرن، سەرۆکی داهاتووش هەرچەند حەزبکات زیاتر کات بۆ ئەو کێشە نێوخۆییانە تەرخان بکات و خۆی لە ئاستەنگە جیهانییەکان بەدوور بگرێت، وەکو نموونە لە کێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناتوانێت، چونکە سەرۆکیش کێشەکان فەرامۆش بکات، کێشەکان خۆیان دێنە کۆشکی سپی و سەرۆک فەرامۆش ناکەن.
پاتریک کڵاوسن، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت: ''ناکۆکیی سیاسی نێوخۆییە، سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا دەیەوێت سیاسەتی دەرەوە فەرامۆش بکات، مێژوویەکی درێژ هەیە کە سەرۆکانی ئەمریکا ویستوویانە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست فەرامۆش بکەن، بەڵام رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوانی فەرامۆش نەکردووە، ئەمەش سەرۆک ناچار دەکات کاتەکانی بە قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە بەسەرببات، رەنگە ئەمجارە ئەمە دووبارە ببێتەوە، وەکو نموونە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، سەرۆک دەبێت هەموو کاتەکانی بۆ ئەوە تەرخانبکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکات.''
بەدرێژایی کامپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، هەردوو بەربژێرەکە، واتە کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ، لەسەر ئاستەنگە نێوخۆیی و جیهانییەکان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، هاریس تاوەکو ئاستێکی بەرچاو درێژەپێدەری سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەبێت بۆ شەڕی ئۆکراینا و دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ترەمپ دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردنەکەی بردەوە، بەرلەوەی لە کۆشکی سپی دەستبەکاربێت، شەڕی ئۆکراینا کۆتایی پێدەهێنێت و ئاشتیش بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەڕێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ