رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە؛ وێڕای پیرۆزبایی، ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان".
سەرۆک بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین رۆژی ساڵی 2024 پەیامەکەی بڵاوکردەوە. تێیدا هاتووە، "بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم".
لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، "جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری رابردوو بە سەركەوتوویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕوونی گەیاند. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زووتری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات".
زیاتر لە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن لەسەر چۆنێتیی پێکهێنانی حکومەت رێکنەکەوتوون.
سەرۆک بارزانی هەروەها لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاماژە بەوە دەکات، "جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستوور و رێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردوولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن".
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی لەبارەی دۆخی سووریا و ناوچەکەوە رایدەگەیێنێت، "لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت. رووداو و گۆڕانكارییەكانی سووریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سووریا كە لە رێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن".
لەم بارەیەوە، سەرۆک بارزانی پەیامی هەیە و دەڵێت، "ناوچەكەمان چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەموو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆڵیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دوور بكەونەوە. دەبێ هەموو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی هیوا دەخوازێت "لە ساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت. لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەموو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدوور بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ