رووداو دیجیتاڵ
یەکشەممە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی (خولی یەکەم) لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکان کراون و هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە کراوە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت.
رۆژی هەینی 12ـی حوزیرانی 2026، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتەکانی ناوخۆ، کارەبا و گواستنەوە و گەیاندن کردووە بۆ ئەوەی هاوکارمان بن، هەریەکەیان لە بواری خۆیاندا".
لەبارەی پاراستنی پرسیارەکان و رێگری لە سەرپێچی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "هاوئاهەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ هەیە بۆ ئەوەی لە کاتی گواستنەوەیاندا دزەیان پێ نەکرێت، هەروەها خشتەی تاقیکردنەوەکانمان داوەتە وەزارەتی کارەبا بۆ ئەوەی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا کارەبا هەبێت".
پەیمان خواجە ئاماژەی بە بڕینی ئینتەرنێت کرد و راگەیاند: "لە ماوەی تاقیکردنەوەکاندا هێڵی ئینتەرنێت بۆ ماوەیەکی کاتی دەپچڕێت. ئەم ساڵ هەوڵەکانمان بە تەواوی چڕکردووەتەوە و رێکارەکان زۆر توند کراون، ناتوانرێت گزی (غەش) بکرێت و هەر کەسێک ئەو کارە بکات بە زووترین کات ئاشکرا دەکرێت".
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردە 117 هەزار و 142 قوتابی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان بەشداری تاقیکردنەوەکان دەکەن. 19 هەزار و 403 مامۆستا و فەرمانبەر وەک دەستەی کارگێڕی هۆڵەکان دیاریکراون، کە پێکهاتوون لە 12 هەزار و 18 چاودێر، 2,003 بەڕێوەبەری هۆڵ، 2,003 یاریدەدەری بەڕێوەبەر، 1هەزار و 376 سەرپەرشتیار و 2,003 کارمەندی خزمەتگوزار.
دابەشبوونی قوتابیان و هۆڵەکان بەپێی ناوچەکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 38,063 قوتابی لە 665 هۆڵ.
دهۆک: 27,266 قوتابی لە 477 هۆڵ.
سلێمانی: 26,563 قوتابی لە 402 هۆڵ.
هەڵەبجە: 1,590 قوتابی لە 38 هۆڵ.
ئیدارەی زاخۆ: 6,918 قوتابی لە 112 هۆڵ.
ئیدارەی سۆران: 6,398 قوتابی لە 122 هۆڵ.
ئیدارەی گەرمیان: 5,356 قوتابی لە 92 هۆڵ.
ئیدارەی راپەڕین: 4,988 قوتابی لە 95 هۆڵ.
قوتابیانی بەشداربوو بەسەر سێ لقدا دابەشبوون کە پێکهاتوون لە 88,116 قوتابی زانستی، 26,431 لە وێژەیی و 2,595 قوتابیش لە پیشەیی.
تاقیکردنەوەکان لە 14ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکەن و تاوەکو 8ـی تەممووزی 2026 بەردەوام دەبن.
.jpg&w=3840&q=75)



