رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە راگەیاند، هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە و گەڕان بەدوای ئەو منداڵەی لە ئاوەکەدا ون بووە بۆ چوارەم رۆژ بەردەوامە و تیمەکانیان گەڕانەکەیان فراوانتر کردووە.
رۆژی هەینی 12ـی حوزیرانی 2026، زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و سەرچاوەی زەڵم بەڕووی هاووڵاتییان و گەشتیاراندا کراوەتەوە؛ بەڵام ئەو شوێنانەی ئێمە کاری تێدا دەکەین تاوەکو ئێستا چۆڵە و گەڕانمان تێدا چڕکردووەتەوە".
بە گوتەی زانیار عومەر، ئێستا گەڕانەکە لە دەرەوەی هاوینەهەواری زەڵمیش دەستی پێکردووە و تیمەکانیان لە خوڕماڵیش دابەش کردووە بۆ چاودێریکردنی ئەو ئاوەی بەرەو ئەوێ دەچێت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیران، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵ بە ناوی روقیە رافید، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە هاتبوون، کەوتە ناو ئاوی زەڵم و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە باسی لە سەختیی کارەکەیان کرد و گوتی: "چەندین کامێرای پێشکەوتوومان هێناوە، بەڵام ئاوەکە زۆر بەخوڕە و لە بنی ئاوەکەشدا درەخت، شوێنی کەلەبەر و ئەشکەوتی زۆرە، ئەوەش کارەکەی سەخت کردووە، بۆیە گەڕانەکە کاتی زیاتری دەوێت".
دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو رۆژ هاوینەهەوارەکە داخرابوو، ئەمڕۆ جارێکی دیکە کرایەوە. ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی و ژمارەیەک کەسی خۆبەخش بەردەوامن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە.



