کۆمیسیۆن: دوو هاوپەیمانی، چوار حیزب و 53 بەربژێری سەربەخۆ لیستی ناویان پێشکێش کردووە

31-03-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، دوێنی شەممە تاوەکو کۆتاییهاتنی دەوام، دوو هاوپەیمانی، چوار پارتی سیاسی و ژمارەیەک بەربژێر لیستی ناوەکانیان پێشکێش کرد بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕوانیی کۆمیسیۆن ئەوەیە ئەمڕۆ یەکشەممە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان لیستی بەربژێرانیان پێشکێش بکەن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی یەکشەممە 31ی ئاداری 2024 دوایین ئاماری ئەو حیزب، هاوپەیمانێتی و بەربژێرە سەربەخۆیانەی بە تۆڕی میدیایی رووداو دا کە لیستی ناوی بەربژێرانیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشکێش کردووە و رایگەیاند، "دوو هاوپەیمانێتی و چوار حیزبی سیاسی لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێش کردووە."
 
ئەو دوو هاوپەیمانێتییە، بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، "یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکە لە سلێمانی پێشکێشیان کردووە؛ هاوپەیمانێتییەکان و حیزبەکان لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لیستی ناویان هەیە."
 
لەبارەی بەربژێرانی سەربەخۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی، "تاوەکو ئێستا 53 بەربژێر لیستی ناوی خۆیان پێشکێش كردووە؛ 17یان لە هەولێر؛ 21یان لە سلێمانی و 15یان لە دهۆک."
 
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە. ئەمڕۆ دوایین وادەیە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران دیاریکردووە، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو، 28ـی ئادار بۆ ئەمڕۆ درێژیکردەوە، دوای ئەوەی بەشی هەرە زۆری لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێشنەکردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە