رووداو دیجیتاڵ
لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی ناحیەی قەسری شیرینی پارێزگای کرماشان، دەست بەسەر بڕێک سووتەمەنیدا گیرا. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە دەڵێت، بەهای سووتەمەنییە قاچاخەکە نزیکەی 30 هەزار دۆلارە.
مەهدی حاجیان، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، دوێنێ یەکشەممە، 29-12-2024، تیمەکانیان لەکاتی پشکنیندا لە دەروازەی سنووریی پەروێزخانی سەر بە ناحیەی قەسری شیرین، دەستیان بەسەر پێنج ئۆتۆمبێلدا گرتووە کە زیاتر لە 90 هەزار لیتر بەنزین و گازوایلی قاچاخیان تێدا بووە.
بەگوتەی مەهدی حاجیان، بەهای ئەو سووتەمەنییەی دەستی بەسەردا گیراوە، دوو ملیار و 245 ملیۆن تمەن (نزیکەی 30 هەزار دۆلار) بووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە ئاماژەی بەوەش کرد، ''سێ کەسی پەیوەندیدار بە دۆسیەکە دەستگیرکراون کە دوای لێکۆڵینەوە، رادەستی دەسەڵاتی دادی پارێزگاکە دەکرێن.''
ناحیەی قەسری شیرین دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە لەگەڵ قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان هاوسنوورە و دەروازەی پەروێزخانیش لەم سنوورە هەڵکەوتووە، کە ساڵی 2007 بە فەرمی کراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ