وەزیرێکی حکومەت: هەرێمی کوردستان هێز، پارە و جوگرافیاکەی دابەشکراوە

30-10-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تیمی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان لە رووی هێز، پارە و جوگرافیاوە دابەشە و گوتیشی، "تاوەکو ئیدارە و داهات و داراییەکی هاوبەشمان نەبێت، هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30.10.2022، تیمی وەزاریی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەناو حکومەت، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تیمی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کۆبوونەوەکەمان دوو تەوەر بوو، تەوەری یەکەمیان لەسەر پێشهات و پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە پێشتر شاندی یەکێتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کردبوو بۆ راگەیاندنی را و سەرنجی خۆیان، ئەمڕۆش تیمی وەزاریی پارتی سەردانی کردین، ئەوانیش را و سەرنجی خۆیان لەسەر ئەم رووداوانەی دوایی دەربڕی لەسەر ئەو گرژییانەی لەم دواییەدا دروستبووە." 
 
دانا عەبدولکەریم گوتی، هەردوولایان لە بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆیان بۆ رووداوەکان بەرگرییان لە بیر و بۆچوونەکانی خۆیان کردووە، ئەوەی بەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانەوە گرنگە ئەوەیە کە دەبێ لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا واز لە بەرژەوەندیی حیزبی بهێنرێت. 
 
ئەو وەزیرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بابەتانەی کە تاوتوێکراون، بابەتی جیدین و پێویستیان بە چارەسەرە، بەڵام ئەوەی کە بەلای بزووتنەوەی گۆڕانەوە گرنگە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندیی گشتی و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، ئەگەر گرفتی گەورەش هەبێت، کاریگەریی لەسەر قەوارە و یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان نەبێت.
 
دانا عەبدولکەریم لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداودا ئەوەی ئاشکرایکرد کە "بە دڵنیایی هەردوولایان [پارتی و یەکێتی] باسی کێشە ئەمنییەکانیان کردووە، باسی ئاشکراکردنی بکوژانی عەقید هاوکار جافیش کراوە."
 
ئەو وەزیرە باسی دوو ئیدارەیی کرد لە هەرێمی کوردستان و ئەوەی ئاشکرا کرد کە "تا ئەم خولەکە حکومەتێکی یەکگرتوومان نییە و لەڕووی ئیدارە و داراییەوە دوو ئیدارەن، تاوەکو ئیدارە و داهات و داراییەکی هاوبەشمان نەبێ، هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە، چونکە ئێمە هێز، پارە و سنووری جواگرافیشمان دابەشە".
 
پارتی دیموکراتی کوردستان شاندێکی پێکهێناوە بۆ سەردانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان. ئەمڕۆ سەردانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕانی کرد.
 
سەردانی شاندەکە دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان جگە لە پارتی دەستپێکرد و گلەییەکانیان لەبارەی حکومەت بە حیزبەکان گەیاند.
 
پشتیوان سادق، سەرۆکی شاندی پارتی رایگەیاند، "وەفدێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سەردانی حیزبەکانی کردبوو، گلەییان لە حکومەت کردبوو، ئێمەش هاتین روونی بکەینەوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران کێشەمان هەیە، بە پێچەوانەوە، ئەنجوومەنی وەزیران تەبایە، یەکڕیزە و گفتوگۆش دەکرێت. ئێمە وەکو تیمی وزاریی پارتی و یەکێتی و گۆڕان پێکەوەین و پێکەوەش دەمێنینەوە."
 
دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی و بەشێک لە وەزیرەکانی یەکێتی چوارشەممەی رابردوو بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نەکرد؛ نیگەرانییەکانی یەکێتی و پارتی بەرامبەر یەکدی زیاتر بوون.
 
مستەفا چاوڕەش، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "هەموو سەردانێک لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی، گرنگە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بگۆڕدرێتەوە، ئەمە جاری یەکەمیش نییە کە سەردان دەکرێت، ناوبەناو هەموو لایەک و هەموو حیزبەکان سەردانی یەکدی دەکەن، هیوادارم بۆ خزمەتی کورد بێت، بۆ یەکڕیزی و تەبایی بێت و هەر گلەیی و گازندەیەکیش هەبێت لەنێو خۆماندا بە یەکڕیزیی میلـلەتەکەمان چارەسەری دەکەین."
 
بە گوتەی سەلاحەدین بابەکر، کارگێڕی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، پارتی و یەکێتی گلەییان لە بواری بەڕێوەبردن، ئیداری، بودجە و دابەشکردنی پۆستەکان لە بەغدا لە یەکدی هەیە؛ تەنانەت لەڕووی ئەمنیشەوە گلەییان هەیە.
 
حیزبە سیاسییەکان داوا دەکەن کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. بێکەس قادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتکێشان دەڵێت، "هەموو ئەو شتانەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە ئاساییە کێشە هەبێت، ناکۆکی هەبێت و جیاوازی هەبێت، بەڵام رێگەی چارەسەرکردنی کێشەکان، ئێمە پێمانوایە دەبێت لە چوارچێوەی دانیشتن و دیالۆگ چارەسەر بکرێن."
 
دوێنێ شەممە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، پێویست ناکات کێشەکانی ئەوان بچێتە میدیا و پێویستە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەن باس بکرێت و یەکلابکرێنەوە.
 
لەبارەی گلەییەکانی یەکێتیش گوتی، "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هەر پرۆژەیاسا و بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرابێت، بە کۆی دەنگ کراوە و تائێستا ناڕەزایەتییەک لە ئەنجوومەنی وەزیران نەبووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی دەروازەی زانکۆی کوردستان لە سنە

سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە سنە: 700 خوێندکاری بیانیمان هەیە

سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، 700 خوێندکاری بیانی لە شەش وڵاتەوە لەو زانکۆیە دەخوێنن. دەشڵێت پلانیان هەیە خوێندکاری بیانیی زیاتر وەربگرن.