رووداو دیجیتاڵ
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا بە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوت،
وڵاتەکەی پشتگیری لە "قەوارەیەکی بەهێز و یەکگرتووی
هەرێمی کوردستان دەکات و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە هەنگاوێکی یاسایی دەزانێت"
و هانی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە دوای نیوەڕۆی رۆژی
یەکشەممە (15ی تشرینی دووەمی 2026) لە پیرمام، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی
سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە ئێمانوێل مینیو، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا
لە هەرێمی کوردستان کرد.
هێمن هەورامی بە کۆنسووڵی فەرەنسای گوتووە، "کاراکردنەوەی
پەرلەمان دوای دوو ساڵ لە هەڵبژاردن بەپێی تەواوی رێکارە یاسایی و پەیڕەوییەکان ئەنجام
دراوە."
بە گوێرەی راگەیێندراوێک، هەروەها ئامادەیی و
پابەندبوونی پارتی بۆ دیالۆگ لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەسەر بنەمای دوایین
پەیامی سەرۆک بارزانی دووپات کردووەتەوە.
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ
قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا خستەڕوو و جەختی کردەوە کە
هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتوو لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و فەرەنسادایە.



