رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان،
وەکو پێکهێنەرێکی سەرەکیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری کشانەوەی
دا، ئەمڕۆ بەشی زۆریان (فەرمانبەر تاوەکو بەڕێوەبەر) گەڕانەوە سەر کاری خۆیان و لە
وەزارەتە جیاوازەکان دەوامیان کرد.
پەرلەمانی کوردستان
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە (تشرینی یەکەمی 2024) کۆبووەوە
و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە کاردانەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی
بەدوای خۆیدا هێنا و بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو،
ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەم، بەشێکی فەرمانبەرانی پشکی یەکێتی لەنێو حکومەت
(فەرمانبەری ئاسایی تاوەکو بەڕێوەبەر) گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و لە فەرمانگە و
وەزارەتەکانی خۆیان دەوامی ئاساییان کردووە.
ئەم بڕیارەی تیمی یەکێتی، بەشە ئەمنی و سەربازییەکەشی
گرتبووەوە جگە لە پێشمەرگە، بەڵام ئەمڕۆ بەشی هەرە زۆری پۆلیس، ئاسایش و ئەفسەرانی
سەر بە یەکێتی گەڕاونەتەوە و دەوامیان کردووە.
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە
تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، گەڕانەوەکە تاوەکو پلەی بەڕێوەبەرە، واتە
بەڕێوەبەری گشتی، بریکاری وەزارەت و وەزیرەکان و خاوەن پۆستە باڵاکان لە
ئەنجوومەنی وەزیران نەگەڕاونەتەوە.
ئەم پۆستانە لای یەکێتی بوون و لە 5ی تشرینی
دووەمەوە نەچووبوونەوە دەوام و تاوەکو ئێستاش خاوەن پۆستە باڵاکان ناچنەوە:
جێگری سەرۆکی هەرێمی
کوردستان
جێگری سەرۆکوەزیران
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران
وەزیر
بریکاری وەزارەت
سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان
بەڕێوەبەری گشتی
جێگری بەڕێوەبەری گشتی
راوێژکاری وەزارەت
بەڕێوەبەر
ئەفسەر و کارمەندانی هێزی
ئەمنی و فەرمانبەران
پێنجشەممە 05-11-2026،
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حیزبەکەی و
رۆژێک دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر کە بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتاری
پارتی و لایەنەکانی دیکە پەرلەمان کارا کرایەوە، رایگەیاند: "لە ئەم دەقەیەوە
لەم حکومەتە دەکشێینەوە.. هەموو هێزمان بەکاردەهێنین خەڵکی خۆمان لە دەڤەرەکەی خۆمان
چییان پێویستە بۆیان بکەین".



