رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر دەڵێت، رۆژانە 14 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە دوای هێرشەکەی کۆرمۆرەوە 120 کاژێر کارەبایان داوە. سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانیش بە رووداوی گوت: "رۆژانە موەلیدەکان لە سەنتەری شار 13 کاژێر کار دەکەن" و لە هەڵەبجەش "رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبای موەلیدە دەدرێتە هاوبەشان."
رۆژی یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "رۆژانە لە شاری هەولێر و دەوروبەری 80٪ بۆ 90٪ـی موەلیدەکان 14 کاژێر کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
خۆران خۆرانی گوتی: "لە دوای هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا، رۆژانە لە کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 09:00ـی بەیانی و لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ بۆ 01:00ـی شەو موەلیدەکان کار دەکەن."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، هەکار هروری، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە دوای کەمبوونەوەی کارەباوە موەلیدەکان 120 کاژێر کاریان کردووە و رۆژانە 13 کاژێر کارەبا دەدرێتە هاوبەشان."
سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە "رۆژانە لە نێوشار و دەوروبەری لە کاژێر 07:00ـی بەیانی بۆ 09:00ـی بەیانی موەلیدەکان کاردەکەن، دواتریش لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆوە موەلیدەکان دەخرێنەوە کار تاوەکو 01:00ـی شەو."
هاوکات، هەر ئەمڕۆ عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت: "رۆژانە موەلیدەکان لە سەنتەری شار 13 کاژێر کار دەکەن و کارەبا دەدەنە هاوبەشان."
سەبارەت بەو خشتەیەی بۆیان دانراوە، عوسمان محەممەد روونی کردەوە کە "هەموو رۆژێک لە کاژێر 06:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 08:00ـی بەیانی و لە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆوە بۆ 01:00ـی شەو موەلیدەکان کاردەکەن."
عوسمان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە دەرەوەی سلێمانی و ئەو شوێنانەی تاوەکو ئێستا کارەبای 24 کاژێرییان نییە، خشتەکە جیاوازە و هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی ببڕدرێت، موەلیدەکان دەکەونە کار."
هاوکات محەممەد عەبدوڵڵا، خاوەنی موەلیدە لە هەڵەبجە بە رووداوی گوت: "لەدوای هێرشەکانی سەر کۆرمۆرەوە رۆژانە 10 بۆ 12 کاژێر کارەبا دەدەینە هاوبەشان."
بە گوتەی ئەو خاوەن موەلیدەیە، خشتەی کارپێکردنی موەلیدەکان لە هەڵەبجە بەو جۆرەیە کە رۆژانە لە کاژێر 06:00ـی بەیانی بۆ کاژێر 08:00ـی بەیانی و پاشانیش لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ کاژێر 01:00ـی شەو دیاریکراوە و هەر کاتێک کارەبای نیشتمانی بکوژێتەوە، موەلیدە ئەهلییەکان کارەبا دەدەنە هاوبەشان.
دابەزینی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە شەوی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەم، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، بەهۆیەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا و بەو هۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە تۆڕی نیشتمانی کەمبووەوە.
رۆژی چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لەدەستدانی نزیکەی 2,500 مێگاوات کارەبا، توانیومانە بە پشتبەستن بە سەرچاوەی دیکە، بەرهەمهێنان بۆ 1,550 مێگاوات بەرز بکەینەوە و رۆژانە شەش بۆ هەشت کاژێر کارەبا بدەینە هاونیشتمانییان."


