تاوەکو دەستبەکاربوونەوە کۆرمۆر بەغدا رۆژانە 720 تۆن گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت

30-04-2024
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر داوای وەزیری سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی فیدراڵ رەزامەندی لەسەر ناردنی رۆژانە 720 تۆن گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر داوای وەزیری سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی فیدراڵ رەزامەندیی لەسەر ناردنی رۆژانە 720 تۆن گازی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، تاوەکو ئەوکاتەی کێڵگەی کۆرمۆر دەست بە بەرهەمهێنانی گاز دەکاتەوە.
 
گازەکە لە هەردوو کۆگەی تاجی و ناسریە دابین دەکرێت. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە نووسراوێکیدا کە 27ی نیسان بۆ جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزەی ناردووە، دەڵێت، "لە 26-04-2024 گرووپێکی دەرچوو لە یاسا هێرشیان کردە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و جگە لە شەهید و بریندارکردنی چەند کرێکارێک لە کێڵگەکە، بەهۆی راگیرانی بەرهەمهێنانی گاز (LPG)، 2500 مێگاوات کارەباش لەدەست چووە."
 
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت داوا دەکات، تاوەکو چاککردنەوە و دەستکردنەوە بە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرۆمۆر، حکومەتی عێراق بڕێک گاز رۆژانە بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەشێوەیەک کە "هەولێر 300 تۆن، سلێمانی 260 تۆن و دهۆک 160 تۆن."
 
لە بەرامبەردا وەزارەتی نەوتی عێراق بە نووسراوێک کە عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەت واژۆی کردووە، بە نووسراوی ژمارە 159 لە 30-04-2024، وەڵامی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەداتەوە.
 
وەزارەتی نەوت دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی لەسەر داواکارییەکە دەربڕیوە."
 
کۆمپانیای دانەگاز لە 29ى نیسانەوە بە "شێوەیەکى کاتى" بەرهەمهێنانی لە کێڵگەى کۆرمۆر راگەیاند، ئەویش لەپێناو "سەلامەتی و تەندروستیی کارمەندان و کرێکارانى."
 
راگرتنى کارى کۆمپانیاى دانە گاز لە کۆرمۆر، بەهۆى ئەو هێرشە درۆنیەوە بوو کە 26ى نیسان کرایە سەر کێڵگە و بەهۆیەوە چوار کارمەندى کۆمپانیاکە گیانیان لەدەستدا و هەشتى دیکەش بریندار بوون.
 
کێڵگەی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان. گازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
 
رووبەری کێڵگەکە نزیکەی 135 کیلۆمەتر دووجایە؛ گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی گازە لە عێراق. یەدەگەکەی بە سەرووی 8.2 تریلیۆن پێ سێجا مەزەندە دەکرێت.
 
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67%ی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
 
رۆژی 29-04-2024 دانەگاز رایگەیاند، "کاژێر 06:40ی (ئێوارەی) رۆژی 26ی ئەم مانگە کۆگەیەکی گازی کۆندێنسەیت لە رێگەی هێرشێکی تیرۆریستی درۆنییەوە کرایە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیراژیدییەدا چوار لە کارمەندان گیانیان لەدەستدا و هەشتی دیکەش بە سووکی بریندار بوون، لە کاتێکدا سەرقاڵی کاری چاککردنەوەی کۆگەکە بوون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".