کوردستان
زیاتر لە 41 هەزار کەس وەک کارمەندی کۆمیسیۆن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کاریان کردووە، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن. بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دابەشکردنی پارەکە دەکەوێتە ساڵی نوێوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 29-12-2024) پارەی پاداشتی کارمەندانی سەر سندووقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنێرنە لقەکانی بانکی تی بی ئای لە هەرێمی کوردستان."
هەر ئەمڕۆ نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت "دابەشکردنی پاداشتەکە دەکەوێتە ساڵی نوێ، چونکە ژمارەیان زیاتر لە 41 هەزار کەسە و پێویستە بەگوێرەی شوێنی جوگرافییان بەسەر بانکەکاندا دابەشی بکەین."
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رۆژی 20-10-2024 کرا.
هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان 100 هەزار دینار، کارمەندانی سەر ئامێرەکان 150 هەزار دینار و ئەو کارمەندانەش کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن 250 هەزار دینار پاداشت وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ