لە شەڕی دوو بنەماڵە لە سێمێل کەسێک کوژرا

28-03-2020
ناسر عەلی
رووداو
رووداو
A+ A-
رووداو - دهۆک

لەسەر کێشەی زەوی و زار شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەی گوندی سوریا لە شارۆچکەی باتێلی قەزای سێمێل دروستدەبێت، بەڕێوەبەری شارۆچکەکەش دەڵێت، کەسێک کوژراوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
ئەیسەر جەرجیس، بەڕێوەبەری ناحیەی باتێل بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەڕەکە بەهۆی پارچە زەوییەکەوە روویداوە لەنێوان بنەماڵەیەکی کورد و بنەماڵەیەکی عەرەب، بەهۆی شەڕە چەقۆوە پیاوێکی کورد کوژراوە و دوو پیاوی دیکەش کە هی هەردوو بنەماڵەن برینداربوون و برینەکانیشیان سەختن و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراون".
 
بەڕێوەبەری ناحیەی باتێل دەڵێت، شەش کەس لە هەردوو بنەماڵەکە دەستگیرکراون و دۆخەکەش لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە.
 
گوندی سوریا بە دووری 30 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای ناحیەی باتێل و کورد و کریستیان تێیدا دەژین. بەگوتەی ئەیسەر جەرجیس "خێزانێکی عەرەب بۆ کاری شوانکاری هاتوونەتە گوندەکە و شەڕ لەنێوان شوانە عەرەبەکە و کوردەکان روویداوە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە