رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 100رۆژە هاونیشتمانییەکی خەڵکی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوان بێسەروشوێنە. خوشکەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە لایەن دادگاوە ئاگادار کراونەتەوە، لە دەروازەیەکی سنوورییەوە هاتووە بۆ باشووری کوردستان. داوا دەکات، هەر کەسێک زانیارییەکی لەسەر هەیە، ئاگاداریان بکاتەوە.
هاونیشتمانییە ونبووەکە ناوی بەهزاد مەحموودییە و تەمەنی 28 ساڵە. پێنج ساڵ گوتارخوێنی گوندەکانی مەریوان بووە. دواتر وازی هێناوە و لە 12ی ئابی ئەمساڵەوە چووەتە بانە. بە کەسوکاری گوتووە، دەچێت لەوێ کار دەکات. بەڵام لەو کاتەوە مۆبایلەکەی داخراوە و کەس سۆراخی نازانێت.
خوشکێکی، بە ناوی شەهلا مەحموودی، رۆژی یەکشەممە بە رووداوی گوت، دادگا بە باوکیانی گوتووە، لە هەمان ئەو کاتەی کە دەنگوباسی بڕاوە، بەهزاد لە دەروازەی سەیرانبەن تێپەڕیوە، بەڵام نازانن لەوێوە بۆ کوێ چووە.
دەروازەی سنووریی سەیرانبەن شاری بانەی رۆژهەلات بە شاری پێنجوێنی باشووری کوردستان دەبەستێتەوە.
بەگوتەی خوشکەکەی، دوای ئەوەی دەگاتە بانە، تەلەفۆنی بۆ ماڵەوە کردووە و پێی راگەیاندوون کە کارەکە گونجاو نییە، بۆیە دەیەوێت بگەڕێتەوە کانی دیناری مەریوان، ''بەڵام دوای 24 کاژێر مۆبایلەکەی داخرا و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە''.
تۆڕی میدیایی رووداو پرسیاری لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، بەڵام رەتیانکردەوە بەهزاد پەیوەندیی پێوە کردبن یان لای ئەوان بێت.
خوشکەکەی ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێران، تورکیا و هەرێمی کوردستانیش پرسیاریان کردووە، ''تەنانەت زیندانەکانی عێراقیش گەڕاوین، بەڵام هەموویان رەتی دەکەنەوە هیچ زانیارییەکیان لەسەری هەبێت''.
شەهلا مەحموودی سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی کێشەی دووژمنداری دەڵێت: ''براکەم کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە، بۆیە داوا دەکەین هەر کەسێک زانیارییەکی لەسەر هەبێ، ئاگادارمان بکاتەوە''.
بەهزاد مەحموودی خێزاندار و باوکی منداڵێکی تەمەن چوار ساڵان و دانیشتووی شارۆچکەی کانی دیناری مەریوانە. ئەگەر کەسێک زانیاریی لەسەر هەبێت، دەتوانێت لە رێگەی ئەم ژمارەیە تەلەفۆنەوە، ( 00989903909717) ساڵح مەحموودیی باوکی ئاگادار بکاتەوە.


