رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەموو هەوڵێکیان بۆ دابینکردنی نەختینە خستووەتەگەڕ تاوەکو مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست دابەش بکرێت، بەڵام دەڵێت: "هێشتا پارەی تەواو بۆ ئەو مەبەستە بەردەست نییە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ کۆکردنەوە و دابینکردنی پارەی پێویست تاوەکو لە زووترین کاتدا مووچەی ئەو مووچەخۆرانە خەرج بکرێت کە لەسەر داهاتی نێوخۆن؛ لە یەک دوو رۆژی داهاتووشدا هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە پارەی تەواو بەردەست نییە."
لە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بەغدا شایستە داراییەکانی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نارد و لە رۆژی 8ـی مانگ دابەشکردنی دەستیپێکرد و دوای چوار رۆژ کۆتایی پێهات، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەست کە مووچەکەیان لەسەر داهاتی نێوخۆیە تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 87 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومەتدا هەن؛ لەو ژمارەیە 30 هەزاریان پارەکەیان لەگەڵ لیستی مووچەی گشتی لە بەغداوە رەوانە دەکرێت، بەڵام زیاتر لە 57 هەزار فەرمانبەری گرێبەست مووچەکانیان لەسەر داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانە و مانگانە چاوەڕوانی بەردەستبوونی نەختینە دەکەن بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان.



