رووداو دیجیتاڵ
ماڵی بەیانیانی بەناوبانگی (یوسف کۆناک)، کە بە (باخ هەلە باخ)ـیش ناسراوە و بە سیمبولی خوانی بەیانیانی شاری وان لە باکووری کوردستان دادەنرێت، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ خزمەتکردن، بە فەرمی بڕیاری دا کۆتایی بە خزمەتگوزارییەکانی بهێنێت؛ ئەم بڕیارەش نیگەرانی و کاردانەوەی فراوانی لەنێو کەرتی گەشتیاری و رۆشنبیریی شارەکەدا دروستکردووە.
ئەم شوێنە کەلەپوورییە لە ساڵی 1975ـەوە دامەزراوە و ماوەی 51 ساڵە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی کولتووری و راکێشانی گەشتیاران لە وان دەبینرێت، بەڵام راگەیاندنی داخستنی لە 16ـی تشرینی دووەمی 2026، ناڕەزایەتی لێکەوتەوە.
فاریز گوڵ، بەڕێوەبەری کارگێڕیی شوێنەکە روونیکردەوە کە بڕیارەکە لەناکاو نەبووە و گوتی: "بەداخەوە خوانی بەیانیانی وان بەها و پێکهاتە رەسەنەکەی لەدەستداوە و چیدیکە بەرهەمی خۆماڵی و بەپێزی ناوچەکە لە خوانەکاندا بەکارناهێنرێت؛ ئەم دۆخەش لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی لەناوچوونی فەرهەنگ و ناسنامەی بەیانیانی وان، بۆیە ئەم بڕیارە درا."
لەبەرامبەردا، فەوزی چەلیکتاش، سەرۆکی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی وان رایگەیاند کە ژوورەکەیان بە تەواوی دژی داخستنی ئەو شوێنەیە و گوتی: "یوسف کۆناک تەنیا خاوەن چێشتخانەیەک نەبوو، بەڵکو باڵیۆزی ناساندنی وان بوو بە جیهان؛ ئەو بە چیرۆک، مەتەڵ و میواندۆستییە تایبەتەکەی، بەشێکی گەورە بوو لە ئەزموونی گەشتیاری لە شارەکەمان."
چەلیکتاش بەبیری هێنایەوە کە یوسف کۆناک رۆڵی سەرەکی هەبوو لە تۆمارکردنی ناوی وان لە (کتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکان) لە ساڵی 2014ـدا کاتێک گەورەترین خوانی بەیانیان بە بەشداریی 51 هەزار و 793 کەس رێکخرا، هەروەها لە ساڵی 2020ـیشدا رۆڵی هەبوو لە ناساندنی (رۆژی جیهانیی بەیانیان لە وان).
سەرۆکی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی جەختی کردەوە کە سەردانی کۆناک دەکەن تاوەکو لە بڕیارەکەی پەشیمانی بکەنەوە و هەموو پشتیوانییەکی دارایی و مەعنەوی پێشکێش دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئەسەر ئادیامان، سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی پیشەوەرانی وان هۆشداریی دا کە کەرتی تایبەت لە شارەکە رووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە و گوتی، پێویستە دەسەڵاتداران رێگری لە داخرانی مارکە مێژووییەکانی وەک یوسف کۆناک بگرن، چونکە داخستنی ئەوان، زیان بە کولتوور و کەرتی گەشتیاریی وان دەگەیێنێت.


