بەشێکی خێزانەکانی مهاباد هونەر بۆ داهاتووی منداڵەکانیان هەڵدەبژێرن

28-01-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
منداڵێک لە فێرگەکەدا وێنە دەکێشێت.
منداڵێک لە فێرگەکەدا وێنە دەکێشێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە شاری مهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دایک و باوکان منداڵەکانیان دەبەنە فێرگەکانی شێوەکاری، بە ئامانجی ئەوەی لایەنی هونەری منداڵەکانیان پەرە پێبدەن و لە مۆبایل دووربکەونەوە. 
 
ئەم هەنگاوەی دایک و باوکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەنیا هەوڵێک نییە بۆ دوورخستنەوەی منداڵەکان لە تەکنەلۆژیا، بەڵکو بۆ پەرەپێدانی لایەنی هونەری و داهێنانە لە منداڵەکانیاندا. 
 
لە مهاباد شێوەکاری ڕۆژ بە ڕۆژ گەشە دەکات و خواستی فێربوون لەلایەن منداڵان لە زیادبووندایە.
 
ئەم منداڵانەی لەم ڤیدیۆیە دەردەکەون، دەریدەخەن چۆن خێزانەکانی شارەکە گرنگی بە لایەنی هونەری منداڵەکانیان دەدەن و دەیانەوێت لەم ڕێگەیەوە داهاتوویەکی ڕوون بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
 
پەریا سوڵتانی، شێوەکارێکی بە ئەزموونی شارەکەیە و لە فێرگەکەدا مامۆستایە و دەڵێت، "من زۆر دڵخۆشم بەو پێشوازییە گەرمەی دایک و باوکان دەیکەن لە فێرگەکانمان. ئەم هەفتەیە 10 فێرخوازی نوێم هەبووە، کە هەموویان خاوەن بەهرە و لێهاتووییەکی زۆرن و منداڵانی داهاتووی هونەری کوردستان دەبن.ئەم هەوڵانەی دایک و باوکان و فێرگەکانی شێوەکاری، کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر گەشەی منداڵان و کۆمەڵگە بەگشتی دەبێت. کاتێک منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە دەست بە فێربوونی هونەر دەکەن، ئەوا هەست و سۆزیان دەپشکوێت و داهێنانیان گەشە دەکات. هەروەها، ئەمە یارمەتی ئەوە دەدات کە کۆمەڵگەیەک بنیات بنێین کە بایەخ بە هونەر و داهێنان بدات."
 
لە شاری مهاباد نزیکەی 15 فێرگەی شێوەکاری هەن. سەرجەمیان لە لایەن هونەرمەندانی شێوەکار بەڕێوەدەبرێن و  بەرهەم و کاری ناوازە دەنەخشێنن. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە