رووداو دیجیتاڵ
ئیلۆن مەسک رەخنە لە فیلمی (ئۆدیسی) لە بەرهەمهێنانی کریستۆفەر نۆلان دەگرێ و بەنیازە ئەم ساڵ فیلمێکی تەواو لەرێگەی ژیریی دەستکردەوە بەرهەم بهێنێت.
مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پۆستێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا فیلمی (ئۆدیسی) لە رووی مێژووییەوە ورد نییە و هەربۆیە دەیەوێ لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە وەشانێکی درێژتر، کە راست بێت لە رووی مێژوویی و پابەندیش بێت بە بنەماکانی هونەرەوە تا کۆتایی ئەم ساڵ ئامادە بکات.
رەخنەکانی مەسک دوای ئەوە هاتن کە ناڕازیبوونی خۆی لە هەڵبژاردنی نۆلان دەربڕی و پێیوایە ئەم فیلمە دژی سپیپێستەکانە.
فیلمی (ئۆدیسی) یەکەم فیلمە کە بەتەواوی بە کامێراکانی ئایماکس بەرهەم بهێندرێ، ئەمەش وایکرد پێش پەخشکردنی فیلمەکە تەواوی بلیتەکان بفرۆشرێن.
ئیلۆن مەسک چەندین جار لە پەڕەی تایبەتیی خۆی لە ئێکس رەخنەی تووندی لە نۆلان گرتووە، ئاماژەی بەوەشداوە کە رەگەزپەرستێکی دژ بە سپیپێستەکانە.
لێدوانەکانی بوونە هۆی بەدەنگهاتنی ژمارەیەک لە ئەستێرەکانی جیهان، رەخنەگران و شارەزایانی هونەریش پێیان وایە ئەم رەخنەیەی جێگەی قسەوباسە.
کریستۆفەر نۆلان لە ماوەی ناساندنی فیلمەکەدا چەندین جار باسی ئەم قسەوباسانەی کردووە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم جۆرە رەخنە و مشتومڕانە کاتێک روودەدەن هێشتا خەڵک فیلمەکەی نەبینیوە و نازانن بەڕاستی چی لە فیلمەکەدا هەیە.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی AFP، نۆلان گوتی، ئەوەی لەبارەی ژیری دەستکرد سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە "هەرگیز تەکنەلۆژیایەکم نەبینیوە تا ئەم ئاستە لەلایەن بازاڕی دارایی، وەبەرهێنەران و کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانەوە بە باشی پەسند بکرێ، بەڵام لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە تا ئەم ئاستە رەت بکرێتەوە."
لە گفتوگۆیەکیشدا لەگەڵ (تێلیگراف)ی بەریتانی، نۆلان گوتی، "ئەو بیرۆکەیە کە AI بتوانێت بە تەواوی جێگەی مرۆڤ و داهێنانی مرۆڤ بگرێتەوە، بە بڕوای من بێ مانایە". نۆلان ئاماژەی بەوە دا کە دەتوانرێ AI وەک ئامرازێکی بەسوود بەکاربهێندرێ، بەڵام هەرگیز AI ناتوانێت جێگەی داهێنانی مرۆڤ بگرێتەوە.
ئۆدیسی فیلمێکی ئەفسانەیی و سەرکێشییە لەلایەن کریستۆفەر نۆلانەوە بەرهەمهێندراوە، لەسەر بنەمای ئەفسانەیەکی کۆنی یۆنانی. چیرۆکەکە سەفەری ئۆدیسیۆس دەگێڕێتەوە، کە دوای کۆتایی جەنگی ترۆیا هەوڵ دەدات بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، لە ماوەی گەشتەکەیدا رووبەڕووی چەندین سەرکێشی دەبێتەوە.
یەکەم فیلمە لە مێژووی سینەمادا کە بەتەواوی بە کامێرای IMAX بەرهەم هێندرابێت، پێشبینی دەکرێت ببێت بە یەکێک لە گەورەترین بەرهەمەکانی نۆلان.
کریستۆفەر ئێدوارد نۆلان (لەدایکبووی 1970)، دەرهێنەری فیلمی سینەمایی بەریتانی - ئەمریکییە. بە چیرۆکە ئاڵۆز و داهێنەرەکانی ناسراوە، بە یەکێک لە گەورەترین فیلمسازانی سەدەی 21 دادەنرێت و بە سەرکەوتووترین دەرهێنەرانی فیلم دادەنرێت لە رووی داهاتەوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە.



