رووداو دیجیتاڵ
ئەکبەر عەبدی، ئەکتەری ناسراوی سینەما و تەلەڤزیۆنی ئێران لە تەمەنی 66 ساڵیدا بەهۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 24-07-2026، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەکبەر عەبدی دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کردووە.
ئەکبەر عەبدی لە مانگەکانی رابردوودا تووشی کێشەی تەندروستی ببوو و لە ئایاری ئەمساڵدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕدا بوو.
ئەو ئەکتەرە ئێوارەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.
ئەکبەر عەبدی، لە 26ـی ئابی 1960 لە تاران لەدایکبوو و لە ساڵی 1979 دەستی بە نواندن کرد و لەو کاتەوە لە دەیان فیلم و زنجیرەدا بەشداریی کرد.
بەهۆی توانای بێوێنەی لە گێڕانی رۆڵەکان، ناسناوی (پیاوی هەزار روو)یان لێنابوو.
ئەو ئەکتەرە لە ماوەی کاری نواندنی خۆیدا دووجار خەڵاتی نیشتمانیی (سیمورغی بلورین)ی لە فێستیڤاڵی فیلمی فەجری تاران بەدەستهێناوە؛ هەروەها وەک یەکێک لە 20 کەسایەتییە ناودارەکانی سینەمای ئێران دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979دا دەستنیشان کرابوو.



