نوێترین زانیاری لەبارەی بەشداریی لاهوور شێخ جەنگی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

28-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لاهوور شێخ جەنگی و ژمارەیەک کەسایەتیی دیکە لە هەوڵی دروستکردنی جووڵانەوەیەکن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان. سەرچاوەیەکی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، "نەیارەکانمان ترسی زۆریان لێنیشتووە" و لەبارەی ناوی جووڵانەوەکەش دەڵێت، "چەند ناوێک بەردەستن."
 
‎رۆژی یەکشەممە 28-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵای نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جووڵەیەکمان دەستپێکردووە بۆئەوەی قەوارەیەک تۆمار بکەین بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان قسە و وتووێژمان کردووە، چاوەڕوانی رێکارەکانی کۆمیسیۆنین."
 
لەبارەی دامەزراندنی حیزب یان قەوارەیەکی سیاسی، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی نەشاردەوە، "ئەگەر سيستمەكە دانانی حیزب بكاتە مەرج، ناچارين قەوارەيەك تۆمار بكەين لە هەرێمی کوردستان و بەغدا،" جەختی لەوەش کردەوە، دەیانەوێت "هيچ دەرفەتێك نەهێڵنەوە بۆ رێگريكردن لە هەڵبژاردن."
 
‎سەرچاوەکە ئاگاداری رێکارەکانە، پێیوایە، "نەیارەکانمان ترسێکی زۆريان لێنيشتووە لە دروستبوونی ئەو جووڵانەوەيە." هاوکات رەتیکردەوە ناویان بۆ جووڵانەوەکە دانابێت، بەڵام ئەوەی خستەڕوو کە "چەند ناوێک بەردەستن."
 
سەبارەت بە کاراکتەرە دیارەکانی نێو جووڵانەوەکە بەبێ ناوهێنانی هیچ کەسێک، ئاماژەی بەوە کرد، "ژمارەیەک لە کەسایەتی و کاراکتەری دیاری سیاسی، چی ئەوانەی پێشتر لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون، چی ئەوانەشی لە دەرەوەی ئەو حیزبە بوون؛ بە نموونە، ئەوانەی لە گۆڕان زوویرن و خەڵکی دیکەش."
 
رۆژی 1ی ئابی 2023 تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە لاهوور شێخ جەنگی دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات. ئەو رۆژە سەیوان سیروان جاسم، پارێزەری لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە ئەم ساڵ بکرێت، بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، "کاک لاهوور بەشداریی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بەڵام دیارنییە بە چی ناوێکەوە دەبێت."
 
رۆژی 8ی تەممووزی 2021 ئاڵۆزییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زەق بوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی ئەوکاتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژەتیرۆری گۆڕی، ئەوەش نیگەرانیی لاهوور شێخ جەنگیی لێکەوتەوە و دواتر پەیوەندییەکانیان گرژتر بوون، تاوەکو گەیشتە ئەوەی رۆژی 15ی تەممووز مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەسەڵاتەکانی لە لاهوور شێخ جەنگی وەکو هاوسەرۆک وەرگرتەوە.
 
دواتر لاهوور شێخ جەنگی بە تۆمەتی پێشێلکردنی پەیڕەوی یەکێتی و بڕیاری نایاسایی، لە بەغدا و سلێمانی، سکاڵای یاسایی لەدژی بافڵ تاڵەبانی تۆمارکرد.
 
رۆژی 28-08-2022 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گفتوگۆ لەبارەی هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە کرا و پەیڕەوێکی نوێ پەسندکرا، کە تێیدا سیستمی هاوسەرۆکایەتیی هەڵوەشێنرایەوە. دواتر بافڵ تاڵەبانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی یەكێتی بەربژێرکرد و بە دەنگی 89 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکی یەکێتی دەستنیشانکرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."