رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، گەیشتە مەکتەبی سیاسیی حیزبەکە لە سلێمانی. پەیامنێری رووداو رایگەیاند، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی دەستیپێکرد.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی دوای چەند مانگێک کۆنەبوونەوە و گرژیی سیاسی دێت کە دوای کوژرانی هاوکار جاف کێشەکانیان زیاتر بوون و بووە هۆی ئەوەی تیمی یەكێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بکات.
خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆرن بۆ گفتوگۆ لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، لەوانە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پرسی داهات و خەرجییەکان، یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر بە بەغدا و دەرەوە، پرسی حکومەت و گەڕانەوەی یەکێتی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران.

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکهاتوون لە؛ مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی.
شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش پێکهاتوون لە؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و د. میران محەممەد و ئەحمەد عەسکەری.

پارتی و یەکێتی دوو سەرەکیترین پێکهنێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن و بەهۆی رێکنەکەوتنی ئەوانەوە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرا و ئۆکتۆبەری پار و مانگێک پێش کۆتاییهاتنی ئەم خولەی پەرلەمان، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران کاتی ئەم خولە بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە.


.png&w=3840&q=75)