رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان رێکارێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن راگەیاند. بەپێی بڕیارێکی نوێی دەستەکە، هەر هاووڵاتییەک یان فەرمانبەرێک زانیاری لەسەر گەندەڵی بدات، پاداشتی دارایی دەکرێت.
لە نووسراوێکی فەرمیدا کە واژۆی دکتۆر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لەسەرە و ئاراستەی هەر سێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سکرتاریەتیئ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، هاتووە کە ئەم بڕیارە بە مەبەستی هاندانی هاووڵاتیانە بۆ رێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و پاراستنی سامانی گشتی.
لە نووسراوەکەدا هاتووە: "هەر هاووڵاتییەک یان فەرمانبەرێک زانیاری بداتە دەستەی دەستپاکی لەسەر بوونی سەرپێچییەکی یاسایی، یان بوونی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، رێکاری یاسایی دەستپێدەکات".
دەستەکە مەرجی هەیە و دەڵێت، کە زانیارییەکان دەبێت بە بەڵگە بن و لەسەر هەر بەرپرس یان فەرمانبەرێک بێت لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، کاری لەسەر دەکرێت.
دەستەی دەستپاکی لە بڕیارەکەیدا زامنی پاراستنی "ناو و ناونیشانی" هەواڵدەرەکە دەکات و بەڵێن دەدات کە ناسنامەی ئەو کەسانە بە نهێنی بمێنێتەوە. هاوکات ئاماژە بەوە دراوە کە دوای سەلماندنی گەندەڵییەکە، پاداشتێکی دارایی دەدرێتە ئەو کەسەی زانیارییەکەی داوە.
ئەم هەنگاوەی دەستەی دەستپاکی پاڵپشتە بە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2011 و یاسای هەموارکراوی ژمارە 7ی ساڵی 2014، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی پارە و سامانی بەهەدەرچووە بۆ ناو خەزێنەی هەرێمی کوردستان و چەسپاندنی شەفافییەتە لە دامودەزگاکانی حکومەتدا.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)

