کەی پڕکردنەوەی فۆڕمی 'هەژماری من' لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە؟

27-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە شەش مانگ لە وەستانی پڕکردنەوەی فۆڕمی پڕۆژەی (هەژماری من) لە سلێمانی، بڕیارە دوای جەژن دەستپێبکاتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێک لە پڕۆژەی (هەژماری من) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە دوای جەژنەوە دەستپێدەکاتەوە".
 
لە ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی ناوچەکە راگیراوە.
 
لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی پڕکردنەوەی فۆڕمی پڕۆژەی 'هەژماری من'، تیمەکە بە رووداوی گوت: "دوای جەژن رێوشوێنی نوێ دەگیرێتەبەر و ئێستا بەرچاوڕوونی لەسەر رێوشوێنەکان نییە."
 
پەروەردەی چەمچەماڵ: داوای هەژماری منمان نەکردووە
 
نووسراوێک بەناوی پەروەردەی چەمچەماڵ بڵاوکراوەتەوە گوایە، داوا لە مامۆستایان دەکەن فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، چونکە دادگەی فیدراڵی پەسەندی کردووە.
 
لەبارەی نێوەڕۆکی نووسراوەکەوە، عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگاداری نووسراوی لەو شێوەیە نین و ئێمە نەمانگوتووە مامۆستایان فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە".
 
قەزای چەمچەماڵ سەر بە پارێزگای سلێمانییە. بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکە دەڵێت: "لە پەروەردەی سلێمانییەوە داوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکە کراوە، بەڵام ئێمە ئاگادار نین".
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی باڵای پەروەردە لە سلێمانی بێئاگایی خۆی لەوە راگەیاندن داوای پڕکردنەوەی فۆڕمیان کردبێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "داواکردنی پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من کاری فەرمانگەکانی دیکەیە نەوەکو پەروەردە، تاوەکو داوایەکی بەو شێوەیە لە مامۆستایان بکات".
 
29ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە بانکە بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رایگەیاند، هەر کەسێک ئاستەنگ و رێگری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی 'هەژماری من' دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت.
 
هەمان رۆژ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا رایگەیاند: "جگە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' هیچ کار و بەرنامەیەکی دیکەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی کەرتی گشتیی پەسەندکراو نییە. کاری پێویست بکەن بە هاوکاریکردن و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی 'هەژماری من' بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن."
 
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە بۆ رووداو نێردراوە، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ 313 هەزار مووچەخۆر مامەڵەکانیان تەواو کراوە و لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە مووچەکانیان وەردەگرن کە زۆرینەیان دانیشتووی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری مهاباد.

18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارەییەکانی مهابادیان کردووە

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ژینگەی مهاباد لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت: "18 هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکەیان کردووە".