کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان: بە فەرمی کارکردن رادەگرین

26-09-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، چەند پڕۆژەیەکی "گرنگ"یان لە جێبەجێکردندان، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە یەکێکیان کە پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەیە هەڕەشەی راگرتنی کارەکانی لەسەرە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکەش دەڵێ، تاوەکو هەفتەیەکی دیکە پارەیان بۆ خەرج نەکرێ بەفەرمی کار رادەگرن.
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێستا لە سنوورەکەمان دوو پڕۆژە کاریان تێدا دەکرێت، یەکێکیان پڕۆژەی رێگەی دەربەندیخان – ناوتاق – زەڕایەنە و ئەوی دیکەش رووناکردنەوەی شەقامی سەرەکیی شارە".
 
قایمقامی دەربەندیخان گوتی، بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارەکانی رێگەی ناوتاق بە سستی بەڕێوەدەچێت. گوتیشی: "کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە دەیەوێت بە فەرمی کارەکانی رابگرێت".
 
پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان پڕۆژەیەکی ستراتیژییە و لە 14-02-2014ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و دەبووایە لە ماوەی 365 رۆژ کارەکانی تەواو بووایە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارکردن تێیدا وەستا. 
 
هێمن سلێمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان بە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نزیکەی 65٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بووە، بەڵام بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە کارەکانمان راگرتووە".
 
هێمن سلێمان دەڵێت، 18ـی مانگی نیسانی ئەم ساڵ بەگوێرەی رێککەوتنێک لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قایمقامی دەربەندیخان دەستیان بەکار کردووەتەوە و بڕیار بووە لە 1ـی مانگی ئایارەوە مانگانە ملیۆنێک دیناریان بۆ خەرج بکرێت.
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان گوتی: "لەو کاتەوەی کە بەگوێرەی رێککەوتن دەستمان بەکار کردەوە و ستافمان لە تورکیاوە هێنایەوە یەک دۆلارمان بۆ خەرج نەکرا. ئێستاش کەس وەڵامیشمان ناداتەوە".
 
هێمن سلێمان گوتی، زۆرینەی کاری پڕۆژەکە تەواوکراوە و تەنیا ئامێرەکانی ماوە لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆی بهێندرێت و ببەسترێت. گوتیشی: "ئێستا چاوەڕێی پارەین بۆ کڕینی ئامێرەکان و کاری دیکەمان نەماوە بیکەین بۆیە وەستاوین".
 
بەڕێوەبەری کارگێڕیی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان گوتیشی: "تاوەکو هەفتەیەکی دیکە پارەمان بۆ خەرج نەکرێت، نووسراوی فەرمی بۆ لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و دەڵێین کارەکانمان رادەگرین، چونکە دواتر ئێمە پێبژاردنمان دێتە سەر و دەڵێن لەکاتی خۆیدا پڕۆژەکەتان تەواو نەکردووە، نەوەکو بڵێن پارەتان بۆ خەرج نەکراوە".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە