رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی قەزای ئاکرێ دەڵێ، بۆ گەشتیاریی چووەتە ناوچەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لەوێ درۆنێکی ئێرانی دۆزیوەتەوە کە نەتەقیوەتەوە. هاونیشتمانییەکە داوا دەکات، لایەنی پەیوەندیدار درۆنەکە هەڵبگرنەوە. بەرپرسێکی ئەمنی دەڵێ، لیژنە بۆ هەڵگرتنەوەی دەنێرن.
هاونیشتمانییەکە ناوی سەربەست جەمیلە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ سەیران چووینە ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەوێ درۆنێکم دۆزیەوە. کە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کرد، دەرکەوت جۆری ئارەش دووی ئێرانییە".
سەربەست جەمیل وێنە و ڤیدیۆی درۆنەکەی بۆ رووداو و ناردووە و دەڵێ: "درێژیی درۆنەکە چوار مەتر و نیوە و پانییەکەی چوار مەترە. هێزە ئەمنییەکانم ئاگادارکردەوە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "درۆنەکە لە شوێنێک کەوتووە کە پێشتر بەفری تێدا بووە، بۆیە تەواو ساخە و هیچ شکاوییەکی تێدا نییە".
درۆنی ئارەش دووی ئێرانی خێراییەکەی 450 بۆ 500 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا و توانای رۆیشتنی بۆ دوو هەزار کیلۆمەتر هەیە، هەروەها کڵاوەی تەقەمەنییەکەی توانای هەڵگرتنی 150 کیلۆگرام تەقەمەنی هەیە و دەتوانێ تاوەکو پێنج هەزار کیلۆمەتر لە بەرزیدا بفڕێ.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "دەترسم گەشتیاران بچن و دەستکاری بکەن و بتەقێتەوە و زیانی گیانی لێبکەوێتەوە".
بەرپرسێکی باڵای ئەمنی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەی ئەمنیی ئاگادارە و لە ماوەیەکی کورتدا دەچنە شوێنەکە و لە دۆخەکە دەکۆڵنەوە".

.webp&w=3840&q=75)