سوودانی: گرووپێکی تاوانکار کێڵگەی کۆرمۆریان کردووەتە ئامانج و بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن

26-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ دەرکرد و دەبێت لە 48 کاژێردا ئەنجامەکەی پێبدەن.
 
محەممەد شیاع سوودانی دەڵێت، "مەبەست لەو جۆرە کارانە کردنە ئامانجی ئابووریی گەلی عێراقە و ئەو گرووپەی ئەو کارە تاوانکارییەی ئەنجامداوە بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن".
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لەکاتێکدا حکومەتی عێراق کار بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی وڵات و دابینکردنی خوشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی دەدات، ژمارەیەک کەسی تێکدەر هەستان بە کردنە ئامانجی کێڵگەی گازیی کۆرمۆر لە باشووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان".
 
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەشڵێت، "هێرشەکە شەوی پێنجشەممە 25ـی کانوونی دووەم لە رێگەی درۆنەوە کراوە و یەکێک لە کۆگاکانی هەڵگرتنی گازی شلی کردووەتە ئامانج، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت".
 
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو هێرشە درۆنییەی کراوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، "هێرشەکە بووەتە هۆی راگرتنی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی کاتی بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکرێت کە دواتر کۆنتڕۆڵکرا".
 
لە راگەیێندراوەکەدا رێکارەکان ئاشکراکراون کە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیە و تێیدا هاتووە، "بەهۆی ئەو هێرشە ستەمکارانەیەوە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی بە لێکۆڵینەوە بۆ زانینی وردەکاریی رووداوەکە کرد بە جۆرێک لەماوەی 48 کاژێردا کارەکانی تەواو بن".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەخت لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی تووند دەکاتەوە بەرامبەر ئەو لایەنەی ئەو جۆرە کارە تاوانکارییە دەکات کە هەڕەشە لە پڕۆژەکانی وزە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگاکانی دیکە دەکات".
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا لەسەر زاری سوودانییەوە گوتراوە کە "ئامانج لەو کارە تێکدەرە بەئەنقەستانەی دەکرێن، بۆ کردنە ئامانجی ئابووریی گەلی عێراقن و گرووپەکەش بە سزای خۆی دەگەیێندرێت".
 
شەوی 25-01-2024 سەرچاوەیەکی باڵا لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیک کاژێر 10:45ـی شەو هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و بەهۆی هێرشەکەوە کۆگایەکی هەڵگرتنی سووتەمەنی گڕیگرت.
 
وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لەپێناو سەلامەتیی کارمەندان و كێڵگەكە هەناردەكردنی گاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا و ئەو هێرشە بووە هۆی كەمبوونەوەی زیاتر لە 2800 مێگاوات كارەبا".
 
هەروەها کۆمپانیای دانەگاز کە لە چوارچێوەی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لە هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ سەرقاڵی بەرهەمهێنانی گازە، رۆژی هەینی 26-01-2024 رایگەیاند، "بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، پڕۆسەی بەرهەمهێنان بەتەواوەتی راوەستاوە. تیمەکانی بەگەڕخستن لە نزیکترین کاتدا سەرجەم رێکارەکانی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان دەگرنەبەر کە پێشبینی دەکرێت لە وادەیەکی نزیکدا ئەوە بکرێت".
 
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە گوندی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."