رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان کارئاسانی دەکات بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بە رەچەڵەک عێراقین، بەڵام هەڵگری پاسپۆرتی بیانی یان تراڤڵ دۆکیۆمێنتی بیانین بۆئەوەی بتوانن لە دەروازە سنوورییەکانەوە بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.
سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وڵاتینامەی هەرێمی کوردستان کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە هەڵگری پاسپۆرت یان تراڤڵ دۆکیۆمێنتی بیانین دەتوانن لە دەروازە سنوورییەکانەوە بێنە ژوورەوە، "بەڵام دەبێت بۆ ماوەی 14 رۆژ کەرەنتین بکرێن لەو شوێنانەی کە وەزارەت تەندروستی دیاریکردوون".
بڕیارەکە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، گەشتکردنی هاووڵاتیانی عێراق لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی (بەریتانیا، باشووری ئەفریقا، ئوسترالیا، دانیمارک، هۆڵەندا، بەلجیکا، کۆماری ئیسلامی ئێران و ژاپۆن) قەدەخە دەکرێت.
لە بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆدا هاتبوو، داخستنی دەروازە سنوورییەکانی (حاجی ئۆمەران ، باشماخ و پەروێزخان) بە رووی گەشتیاران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەپێی ئەو رێنماییانەی کە بڕیاریان لەسەر دراوە بەردەوام دەبێت.
هۆکاری داخستنی گەشت لەگەڵ ئەو وڵاتانە بۆ بڵاوبوونەوەی جۆرێکی نوێی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە کە یەکەمجار لە بەریتانیا سەری هەڵدا. بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، کۆرۆنا گۆڕاوەکە بە رێژەی 70% زووتر لە کۆڤید 19 بڵاودەبێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
