رووداو - هەولێر
سبەی سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و بە ئامانجی یەکدەنگیی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان دەچێتە سلێمانی.
هەریەک لە جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یاوەریی نێچیرڤان بارزانی دەکەن لە سەردانەکەیدا بۆ سلێمانی.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی دەچنە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆدەبنەوە.
دوای ئەو کۆبوونەوەیەش لە ماڵی کۆسرەت رەسوول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە.
ئامانجی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ حیزبەکان، بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان، یەکخستنی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانە لەبەرامبەر گۆڕانکاری و رووداوەکانی عێراق و ناوچەکە، هەروەها تاوتوێکردنی دوایین کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراق کە 18ی ئەم مانگە لە بەغدا لە ماڵی عەممار حەکیم بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ