شەوی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، شەپۆلێکی چڕ بارانبارین و هەورەبرووسکە رووی لە هەرێمی کوردستان کرد و لە شاری هەولێر لافاو هەستا. لە کاردانەوەی نالەباریی کەشوهەوا و رۆیشتنی شەپۆلەکە بەرەو پارێزگاکانی دیکەش، لە زۆربەی شار و ئیدارە سەربەخۆکان پشووی فەرمی راگەیێندرا. ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەرچەندە باران وەستاوە، بەڵام بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییان: "سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ بە حکومی و ئەهلییەوە پشووی فەرمییە." هاوکات دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کە هەر فەرمانبەرێک ئاو چووبێتە ماڵەکەی یان ئاستەنگی هاتووچۆی هەبێت، بە پشوو بۆی هەژمار بکرێت. پشوو لە سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکووک و زۆربەی شارەکان دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەسەڵات بە پارێزگا، ئیدارە و سەرۆکایەتی زانکۆدرا بۆ پشوو، شەپۆلی راگەیاندنی پشوو زۆربەی شارەکانی گرتەوە. د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "لە پێناوی سەلامەتیی خوێندکاراندا، بڕیارماندا سبەی لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکانی سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا پشوو بێت." لە پارێزگای کەرکووکیش کرا پشوو، ئیدارەی پارێزگاکە بڕیاریدا رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانەکان پشووی فەرمی بێت. بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزووریش راشیگەیاند، پشووەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و تاقیکردنەوەکان بۆ رۆژی دواتر دوادەخرێن. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، دوای راوێژ لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە: "بەهۆی ناجێگیریی رەوشی کەشوهەوا، بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوورەکە رابگیرێت." قەزاکانی چەمچەماڵ، دووکان و دەربەندیخان: لە هەر سێ قەزاکە لەسەر بڕیاری قایمقام و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیێندرا؛ ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ بۆ رووداو روونیکردەوە کە بڕیاری پشوو لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە دەستی سەرۆکەکانیاندایە. دهۆک؛ پشوو نییە و دەسەڵات دراوەتە قەزاکان لە پارێزگای دهۆک دەوامی خوێندن ئاسایی دەبێت. سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی راپۆرتەکانی کەشناسی، سبەی پێنج بۆ شەش ملیم باران لە پارێزگاکەمان دەبارێت، بۆیە لای ئێمە پشوو نییە، بەڵام دەسەڵاتمان داوە بە قەزا و ناحیەکان ئەگەر زانییان دۆخەکە لەبار نییە، دەتوانن بیکەنە پشوو." چی روویدا؟ لافاوەکەی ئەمشەوی هەولێر زیانی گەورەی بە ژێرخانی شارەکە گەیاند؛ لە کۆمەڵگەی هیوا سیتی ماڵەکان لە لێواری نوقمبووندا بوون، لە گەڕەکەکانی سێبەردان و عەرەب کەند ئاو چووە نێو سەدان ماڵ و هەر لە سێبەردان منداڵێک بە سەلامەتی رزگارکرا، بەڵام پارێزگاری هەولێر راگەیاند:"بەداخەوە قوربانی هەیە؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان لە گەڕەکی سێبەردان هاووڵاتییەکی تەمەن 25 ساڵان کە شوفێری شۆفەڵ بوو، خۆبەخشانە لەگەڵ تیمەکان بە شۆفەڵی خۆی بەهانای هاووڵاتییانەوە چووبوو، کەوتە بەر شەپۆلی ئاو و گیانی لەدەستدا." بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، منداڵێکی تەمەن 5 ساڵانیش بە ناوی مستەفا سەرکەوت، لە گەڕەکی هەولێری نوێ خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە. شەقامە سەرەکییەکانی وەک 60 مەتری، 100 مەتری و بەشێکی 120 مەتری پەککەوتن، چونکە ئاوەڕۆکان بەرگەی ئەو بڕە زۆرەی بارانیان نەگرت. لە ترسی روودانی شۆرتی کارەبا و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانیش، وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی دایە تیمەکانی کە لە هەر شوێنێک ئاو کۆبووبێتەوە کارەبا ببڕن. بەپێی راپۆرتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، کاریگەریی ئەم شەپۆلە لەسەر هەولێر، دهۆک و زاخۆ بەرەو لاوازی دەچێت و دەبێتە نمەبارانی پچڕپچڕ، بەڵام لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان تاوەکو بەرەبەیان لێزمەباران و هەورەبرووسکە چڕتر دەبێت.
کوردستان07-11-2026بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان: دانیشتووانی نزیک چەم و زەوییە نزمەکان زۆر وریای خۆیان بن
کوردستان07-11-2026راپۆرتی کەشناسی: شەپۆلەکە لە هەولێر و دهۆک لاواز دەبێت و لە سلێمانی و گەرمیان چالاکتر