رووداو دیجیتاڵ
شەستەباران، لە ماوەیەکی کەمدا، لافاوێکی بێ ئامانی لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروست کرد، لێکەوتەکەی گیانلەدەستدانی دوو هاونیشتمانی بوو، لەگەڵ لافاون چوونە نێو سەدان ماڵ و دووکان.
بارانەکە سەر لە ئێوارەی رۆژی شەممە دەستیپێکرد، بەڵام نزیکەی کاژێر 7:00ی ئێوارە، بووە شەستەباران و لە ماوەی دوو کاژێردا، جادە و بانی داپۆشی، مەنهۆڵەکانی پڕکرد و بەشێکی نزمەپردەکان پڕ ئاو بوون.
بەپێی زانیارییەکانی
رووداو، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، پیاوێکی 28 ساڵانە بەناوی محەممەد رەسووڵ
لەگەڵ منداڵێکی 5 ساڵان بەناوی مستەفا سەرکەوت، بەڵام لە دوو ناوچەی جیای شاری هەولێر
بوون.
چیرۆکی خنکانی محەممەد
رەسووڵ
لەبارەی خنکانی محەممەد
رەسووڵەوە، رووداو زانیویەتی لە کاتی لافاوە بەهێزەکەی هەولێر، لە ماڵی خۆی رادەکاتە
دەرەوە و گەنجێک لەنێو لافاوەکە کە لەسەر ماتۆڕ بووە رزگار دەکات، لەکاتی هەوڵدان
بۆ رزگارکردنی کەسێکی دیکە، لافاو دەیبات و دەخنکێت.
رەسووڵ باوکی محەممەدە
و بە رووداوی گوت: خۆم لە ماڵ بووم، تەلەفۆنیان بۆ کردم گوتیان فریای محەممەد بکەوە
ئاو بردوویەتی.
محەممەد تەمەنی 28 ساڵان
بووە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و منداڵێکی تەمەن ساڵ و نیوی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
محەممەد شۆفێری شۆفڵ
بووە، بەڵام شۆفڵەکەی لە لافاوەکە بەکارنەهێناوە. لە گەڕەکی سێبەردان خنکاوە و تەرمەکەی
لە هەولێری نوێ دۆزراوەتەوە. باوکی بە رووداوی گوت: تەرمەکەی دەبەنەوە گوندەکەی خۆیان (فریز) لە سنووری
هەولێر.
چیرۆکی خنکانی مستەفا
سەرکەوت
لەبارەی مستەفا سەرکەوت،
منداڵە 5 ساڵانەکەوە، بەپێی گێڕانەوەی کەسوکاریان بۆ رووداو، باوکی مستەفا، لە گەڕەکی
هەولێری نوێ دابەزیوە کولێرە بکڕێت و منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە.
بە گوتەی ئەوان، لەو
کاتەدا کە ئاوی بارانەکە زیاد دەبێ و لافاو دروست دەبێ، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەیان
دەکێشێت، بەو جۆرە منداڵەکە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا لافاو دەیبات و دەکەوێتە نێو کۆرنیشی
هەولێر.
پاش چەند کاژێرێک، تیمەکانی
بەرگریی شارستانیی هەولێر ئۆتۆمبێلەکە دەدۆزنەوە، بەڵام دەبینن کە منداڵەکە لەنێو
ئۆتۆمبێلەکەدا خنکاوە.
ئومێد خۆشناو: لە
ماوەیەکی کەمدا 80 ملم باران باری
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری
هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند، "پێشبینی دەکرا نزیکەی 30 ملیمەتر
باران ببارێت، بەڵام لەدوای کاژێر 7:00ـی ئێوارەوە بارانێکی زۆر بەخوڕ باری کە بەپێی
پێشبینییە سەرەتاییەکان نزیکەی 80 ملیمەتر بووە."
پارێزگاری هەولێر
ئاماژەی بەوەدا کە لافاوەکە ئەمجارە "زۆر گشتگیر" بوو و زۆربەی گەڕەکەکانی
گرتووەتەوە، بەتایبەتی لە سنووری شەقامی 150 مەتری لە رۆژهەڵاتی هەولێرەوە بەرەو
ناوشار.
"زیانێکی زۆری
مادیی هەبووە"
ئومێد خۆشناو، جەختی لەوە
کردەوە کە زیانێکی زۆر بەر ماڵ، دووکان، ئۆتۆمبێل و شوێنی کاسبیی خەڵک کەوتووە، هەروەها
زیان بەر شەقام و ژێرخانی گشتی و کارەباش گەیشتووە. گوتیشی، "ئەوەی ئێستا
گرنگە سەلامەتیی هاونیشتمانییانە."
دووکاندارێک لە بازاڕی شێخەڵڵای هەولێر، قسەی بۆ مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو کرد و گوتی: "ئەشیاکانمان هەموو بە ئاوێ عەدم بووە، دووکانەکان ئەمبەر و ئەوبەر پڕ ئەشیان و هەمووشیان ئاویان تێچووە."
هاونیشتمانییەکی دیکە لەولاوە گوتی،
"مەزراکانی ئێرە هەموویان گیراون بۆیە لافاوەکە دروست بووە."
یەکێکی دیکە لە دووکاندارەکان گوتی:
"دووکاندارە هەیە لێرە بایی 15 بۆ 20 دەفتەر ئەشیای بە بن ئاوێ کەتییە."
فەرمانی سەرۆکوەزیران و قەرەبووکردنەوەی
زیانەکان
سەبارەت بە هەڵوێستی
حکومەت، خۆشناو رایگەیاند، "مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی
کردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەموو توانای حکومەت بۆ پاراستنی گیانی
هاونیشتمانیان بەکاربهێندرێت."
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی
زیانلێکەوتووان، پارێزگاری هەولێر گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەبارەی قەرەبووکردنەوە
نییە، ئێستا لەنێو رووداوەکەداین و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت."
ئومێد خۆشناو، رەخنەی
لە حکومەتی عێراقیش گرت کە لە کارەساتەکانی پێشوودا هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان نەکردووە
و بودجەی فریاگوزارییان نەناردووە.
دابەشکردنی ئاو بە شێوەیەکی
کاتی راگیرا
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی
هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی لێڵبوونی ئاوی رووبارەکە بۆ
12,400 NTU، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو بە شێوەیەکی
کاتی رادەگیرێن.
بەپێی راگەیێندراوێکی
بەڕێوەبەرایەتییەکە کە نیوەشەوی 8ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی
لێڵی ئاوەکە لە توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتندا نەماوە تاوەکو بە ستانداردی
جیهانی پاکی بکەنەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتیی تەندروستیی هاووڵاتییان، وێستگەکانی
(ئیفراز 1، 2، 3 و فریاگوزاری) راگیراون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی
هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بۆ چەند کاژێری داهاتوو، دابەشکردنی ئاو لەرێگەی
ئەو ئاوەوە بەردەوام دەبێت کە پێشتر کۆگاکراوە.
لە کەرکووکیش لافاو گەڕەکی کوردستانی گرتەوە. هاونیشتمانییەک قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ: "کەس بە هانامانەوە نەهاتووە."
راگەیاندنی پشوو
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری
هەولێر رایگەیاند، هەرچەندە باران وەستاوە، بەڵام " یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی
خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو زانکۆ بە حکومی و ئەهلییەوە پشووی فەرمییە."
هاوکات دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان کە هەر فەرمانبەرێک ئاو
چووبێتە ماڵەکەی یان ئاستەنگی هاتووچۆی هەبێت، بە پشوو بۆی هەژمار بکرێت.
پشوو لە سلێمانی، هەڵەبجە،
کەرکووک و زۆربەی شارەکان
دوای ئەوەی لەلایەن وەزارەتەکانی
پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەسەڵات بە پارێزگا، ئیدارە و سەرۆکایەتی زانکۆدرا بۆ
پشوو، شەپۆلی راگەیاندنی پشوو زۆربەی شارەکانی گرتەوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر،
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: "لە پێناوی سەلامەتیی خوێندکاراندا، بڕیارماندا
سبەی لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان و قوتابخانە و خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکانی
سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانیدا پشوو بێت."
لە پارێزگای کەرکووکیش
کرا پشوو، ئیدارەی پارێزگاکە بڕیاریدا رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم باخچەکانی ساوایان
و قوتابخانەکان پشووی فەرمی بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی
شارەزووریش راشیگەیاند، پشووەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و تاقیکردنەوەکان بۆ رۆژی دواتر
دوادەخرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، دوای راوێژ لەگەڵ نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە:
"بەهۆی ناجێگیریی رەوشی کەشوهەوا، بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی
خوێندنی سنوورەکە رابگیرێت."
قەزاکانی چەمچەماڵ،
دووکان و دەربەندیخان: لە هەر سێ قەزاکە لەسەر بڕیاری قایمقام و بەڕێوەبەرایەتییەکانی
پەروەردە پشووی فەرمی لە ناوەندەکانی خوێندن راگەیێندرا؛ ئاسۆ بەکر، قایمقامی چەمچەماڵ
بۆ رووداو روونیکردەوە کە بڕیاری پشوو لە زانکۆ و پەیمانگاکان لە دەستی سەرۆکەکانیاندایە.
دهۆک؛ پشوو نییە و دەسەڵات
دراوەتە قەزاکان
لە پارێزگای دهۆک دەوامی
خوێندن ئاسایی دەبێت. سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی
رووداوی راگەیاند: "بەپێی راپۆرتەکانی کەشناسی، سبەی پێنج بۆ شەش ملیم باران
لە پارێزگاکەمان دەبارێت، بۆیە لای ئێمە پشوو نییە، بەڵام دەسەڵاتمان داوە بە قەزا
و ناحیەکان ئەگەر زانییان دۆخەکە لەبار نییە، دەتوانن بیکەنە پشوو."
راپۆرتی کەشناسی: شەپۆلەکە
لە سلێمانی و گەرمیان چالاکتر دەبێ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، راپۆرتی پێشبینیی کەشوهەوای بۆ رۆژانی
7 تاوەکو 9ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاو کردەوە. بەپێی راپۆرتەکە، کاریگەریی شەپۆلێکی
بارانبارین لە ناوچەکەدا بەردەوام دەبێت.
رۆژی شەممە 7-11-2026:
پێشبینی دەکرێت کاریگەریی
ئەم شەپۆلە لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆک بە لاوازی و بە
بارانی پچڕپچڕ بەردەوام بێت، بەڵام لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان
چالاکتر دەبێت. بڕی بارانبارین بە ملیمەتر بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت:
* هەولێر: 2 - 5
* سلێمانی: 10 - 20
* هەڵەبجە: 15 - 25
* کەرکووک: 2 - 5
* دهۆک: 2 - 4
لە ئیدارە سەربەخۆکان:
* ئیدارەی زاخۆ: 2 - 5
* ئیدارەی سۆران: 8 - 13
* ئیدارەی راپەڕین: 10 - 20
* ئیدارەی گەرمیان: 5 - 15
رۆژی یەکشەممە
8-11-2026:
بارانبارین لە ناوچەکانی
پارێزگای سلێمانی، ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین بە لاوازی بەردەوام دەبێت، لە
ناوچەکانی دیکەش ئاستی بارانبارین دادەبەزێت. بڕی بارانبارین بە ملیمەتر بەم شێوەیەی
خوارەوە دەبێت:
* هەولێر: 4 - 8
* سلێمانی: 7 - 13
* هەڵەبجە: 10 - 20
* کەرکووک: 2 - 4
* دهۆک: 3 - 6
لە ئیدارە سەربەخۆکان:
* ئیدارەی زاخۆ: 2 - 5
* ئیدارەی سۆران: 7 - 13
* ئیدارەی راپەڕین: 8 - 15
* ئیدارەی گەرمیان: 5 - 15
رۆژی دووشەممە
9-11-2026:
کاریگەریی شەپۆلی
بارانبارین بە لاوازی لە کاتەکانی بەیانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سۆران
و ئیدارەی راپەڕین و ئیدارەی گەرمیان بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزێت.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی،
لە رۆژانی داهاتوودا بارانبارین لە ناوچەکان بە پچڕپچڕی دەبێت، لە سنووری پارێزگای
هەولێر و دهۆک بارانبارین کەمتر دەبێت و لە هەندێک ناوچەی سنووریش پێشبینی دەکرێت
بەفر ببارێت.


.jpeg&w=3840&q=75)
