لە وەزارەتی پەروەردە دەستکرا بە رێکارەکانی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتنی زەوی

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان فۆرمی وەرگرتنی زەوی بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دواتر قوتابخانەکان دابەشکرد و، 'ماوە دیاریکراوە بۆ گەڕاندنەوەی فۆرمەکان.'
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر بە نووسراوێک کە رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەکانی سەر بە پارێزگاکەی کردووە، داوایان لێدەکات فۆرمی پێدانی زەوی کە بۆیان هاوپێچکراوە، بەسەر قوتابخانە و باخچەکانی سنوورەکانیان دابەش بکەن. 
 
سەیوان عەلی، بریکاری وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "فۆرمی پێدانی زەوی دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێمانگەیشت، رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەمان کردوون و ئەوانیش بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی دەکەن."
 
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بنەسڵاوە، رۆژی چوارشەممە، 24ـی ئەم مانگە نووسراوێکی لەبارەی پێدانی زەوی و فۆرمی پەسندکراو ئاراستەی قوتابخانە و باخچەکانی سنووری ئەو پەروەردەیە کردووە. 
 
ئەو فۆرمانەی هاوپێچکراون، فۆرمی زانیاریی فەرمانبەران و مامۆستایانی پەروەردەیە، فۆرمی دووەمیشیان بەڵێننامە و فۆرمی داواکردنی وەرگرتنی زەوییە، کە دەبێت تاوەکو 15ـی ئاب بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکە بگەڕێندرێنەوە.
 
مامۆستا سابیر حەمەد کانەبی، بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە، بە رووداوی گوت "فۆرمەکەمان بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشکردووە، مامۆستایان و فەرمانبەران دەتوانن پڕیبکەنەوە بۆ ئەوەی لە بڕیاری پێدانی زەویی نیشتەجێبوون، سوودمەند بن."
 
لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوون، بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024 لە ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت. نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەم شێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو پارێزگا 5 هەزار دینار دەبێت
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو قەزاکان 3 هەزار دینار دەبێت 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەنێو ناحیەکان 2 هەزار دینار دەبێت 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بە نرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو تانکییەی لە دهۆک تەقییەوە.

یەکێک لە بریندارەکانی رووداوی تەقینی تانکییەک لە دهۆک گیانی لەدەستدا

دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا لە گەرەکی ماڵتای دهۆک دوو منداڵ برینداربوون، ئەم ئێوارە یەکێکیان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.