ئەو سەربازەی ملپێچی جووتیارە کوردەکەی راکێشا سکاڵای تۆمارکرد

25-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی 17ـی شوبات، سەربازێکی سوپای عێراق ملپێچی جووتیارێکی کوردی راکێشا و ئەشکەنجەی دا. جووتیارەکە دەڵێت، "رۆشتم تاوەکو بەڵگەکانم پێشکێشی دادگە بکەم، کەچی پێیان گوتم ئەو سەربازە سکاڵای لەسەرم تۆمارکردووە."

17ـی شوباتی 2025، لە سنووری شەناغە و سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، جووتیارانی کورد ویستیان زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام سوپای عێراق رێگریی لێکردن. ئەوان کۆڵیان نەدا، گرژی دروستبوو و ئازاری جووتیاران درا. محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکان، لەلایەن سەربازانی عێراقی پەلاماردرا و سەربازێک لەسەر تراکتۆرەوە ملپێچەکەی راکێشا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی.
 
رۆژی سێشەممە، 25ـی شوباتی 2025، محەممەد ئەمین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ رۆشتم بۆ دادگە تاوەکو بەڵگەی یاسایی و گوتەی شایەتحاڵەکان لەبارەی رووداوەکە پێشکێشی دادگە بکەم، بەڵام زانیم کە سەربازەکە سكاڵای لەسەرم تۆمارکردووە."
 
لەبارەی سکاڵاکە، محەممەد ئەمین دەڵێت، "ئەمە بێویژدانیی ئەم سەربازە دەردەخات، سەرەڕای ئەو ستەمەی لە منی کردووە، دەیەوێت من زیندانی بکرێم."
 
ئەو جووتیارە کوردە دەڵێت، "من شۆک بووم، زۆر دڵگرانم و ئەمە حاڵەتێکی ناخۆشە."
 
محەممەد ئەمین سکاڵای لە دژی ئەو سەربازە تۆمارکردبوو و، ئەمڕۆ چووبوو بەڵگەکان ببات. دەڵێت، "بەڵێنیان دابوو ئەم سەربازە بە بەندکراوی بمێنێتەوە؛ بەڵام ئازاد کراوە. لەوە ناخۆشتر ئەوەیە رێکاری دادگە لەچوارچێوەی مادەیەک کورتکراوەتەوە، ئەگەری هەیە من بەند بکرێم و دووچاری سزای پێبژاردنیش ببم."
 
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانە. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەڵکانە، سەربەشاخ، گابەرەکە و خەرابە.
 
رۆژی 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و جێبەجێ نەکراوە.
 
یاساکە تەنیا لە کەرکووک پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان هەیە. تایبەتە بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''