رووداو دیجیتاڵ
کچێکی خەڵکی سەقز لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، مێدالیای زێڕی لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنان (IFIA) بەدەستهێنا.
نگین حوسێنی توانی مێدالیای زێڕ لە شەشەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داهێنان و نوێگەری (IFIA INV) بۆ داهێنانی "دیوارێکی ژیر" بەدەست بهێنێت.
پێشبڕکێیەکە لە تەممووزی 2026 بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
داهێنانەکەی نگین حوسێنی بریتییە لە دیوارێکی دوولایەنەی رێکخەری پلەی گەرمی کە بە بەکارهێنانی مادەی نانۆ و گۆڕینی فاز (PCM) کاردەکات. ئەم دیوارە بە بێ پێویستی بە کارەبا یان هەستەوەری دیکە، پلەی گەرمیی ناوەوەی باڵەخانەکان رێکدەخات.
بەپێی ئەنجامی تاقیکارییەکان و شێوەسازییە ئەنجامدراوەکان، ئەم سیستمە دەتوانێ گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی ناوەوە تاوەکو نزیکەی 60% کەم بکاتەوە و بەکاربردنی وزەی سیستمەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە بە رێژەی 25% تاوەکو 30% کەم بکاتەوە.
دەکرێ ئەم دیوارە لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون، بازرگانی، کارگێڕی و پیشەسازییدا بەکاربهێندرێ و ئەگەری بەرهەمهێنانی بە شێوەی پانێڵی پێشوەختە دروستکراو و دامەزراندنی لەسەر ئەو باڵەخانانەی کە ئێستا هەن، پێشبینی کراوە.
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی داهێنەران (IFIA) ساڵانە ئەم پێشبڕکێیە بۆ خاوەن ناسناوی داهێنەری جیهانی رێکدەخات. بەدەستهێنانی ئەم مێدالیایە هەنگاوێکە بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆژیای دۆستی ژینگە و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە لە کوردستان و جیهان.




