رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی پێداویستییە تایبەتەکان لە کەرکووک هۆشداری لە دۆخی خانەی بەساڵاچووان دەدات و دەڵێ، بەهۆی کەمیی کارمەند و بچووکیی شوێنەکەیان، ناتوانن بەساڵاچووی نوێ وەربگرن؛ باس لەوەش دەکات کە تەنیا سێ کارمەندیان هەیە بۆ خزمەتکردنی 16 بەساڵاچوو.
موژدە مەجید ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەشی پێداویستییە تایبەتەکانی کەرکووک سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری عێراق، بە رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی خانەکە زۆر بچووکە و کارمەندیان کەمە، بەردەوامن لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری.
موژدە مەجید گوتیشی: "پێیان گوتین باڵەخانەکەمان نۆژەن دەکرێتەوە و هەربۆیە ئێمەیان گواستەوە بۆ باڵەخانەی دایەنگەیەک. تاوەکو ئێستا نە باڵەخانە کۆنەکەمان چاککراوە و نە باڵەخانە نوێیەکەش شیاوی ئەوەیە خزمەتگوزاریی تەواوی تێدا بێت."
سێ کارمەند بۆ 16 بەساڵاچوو
بەگوتەی موژدە مەجید، لەو خانەیەدا 16 بەساڵاچوو و پەککەوتە دەژین (14 پیاو و 2 ژن)، بەڵام تەنیا سێ کارمەندی خزمەتگوزارییان هەیە (دوو ژن و یەک پیاو) کە ئەوانیش تەنیا تاوەکو کاژێر دووی دوانیوەڕۆ کاردەکەن.
موژدە مەجید ئاماژەی بەوە کرد، چەندین جار داوایان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە فەرمانبەریان بۆ دابین بکەن، بەڵام بێسوود بووە؛ گوتیشی: "پەککەوتەکان پێویستییان بە خزمەتی زۆرە، تەنانەت بۆ پاککردنەوە و گۆڕینی جلەکانیان. هەر پەککەوتەیەک پێویستی بە دوو کەسە خزمەتی بکەن، بۆیە ناتوانین کەسی دیکە وەربگرین."
موژدە مەجید دەڵێت:" چەندین جار داوامان لە ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە کە نزیکەی هەزار و 500 فەرمانبەری هەیە، ژمارەیەک فەرمانبەرمان بۆ دابمەزرێنن یان بگوازرێنەوە بۆمان. بە گواستنەوەی چەند فەرمانبەرێک دەکرێ کێشەی خزمەتگوزاری ئەم خانەیە چارەسەر بکرێ".
بەڕێوەبەری بەشەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر تەنیا پشت بە بودجەی حکومەت ببەستن، ناتوانن هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکێش بکەن و رایگەیاند: "سوپاسی خەڵکی کەرکووک و خێرخوازان دەکەین کە هاوکارمانن. هاوکارییەکانی ئەوان تەنیا سەرچاوەی خەرجییەکانی ئێمەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی بەساڵاچووان."
خانەی بەساڵاچووان لە کەرکووک تاکە پەناگەیە بۆ ئەو کەسانەی بێسەرپەرشتن یان کەسوکاریان نییە خزمەتیان بکات.



