رووداو دیجیتاڵ
باوکی گەنجە کوژراوەکەی چەمچەماڵ سوپاسی بنەماڵەی بکوژی کوڕەکەیان دەکات کە تۆمەتبارەکەیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە و پارێزەرێکیش پێیوایە جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی لاوازدایە؛ بۆیە تاوانەکان روویان لە زیادبوونە.
وریا گلی، باوکی خواناس وریا کە کوڕەکەی رۆژی پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، دۆسیەی کوژرانی کوڕەکەیان بە یاسا سپاردووە و چاوەڕوانن یاسا بڕیار بدات. وریا گلی گوتیشی، بنەماڵەی بکوژەکە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکانیان کردووە و بکوژەکەیان رادەست کردووە.
"رۆڵی دادگە و دەسەڵاتی دادوەری"
رێزان شێخ دلێر، پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە رووداوی ئەمڕۆدا لەبارەی رۆڵی دادگە و دەسەڵاتی دادوەری لە کۆنترۆڵکردنی تووندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکاندا گوتی، "جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان لاوازە؛ بۆیە رووداوەکانی کوشتن دووبارە دەبنەوە".
بە گوتەی رێزان شێخ دلێر، "ژمارەی دادگە و دادوەرەکان لە هەرێمی کوردستان کەمن. هەربۆیە ناتوانرێت وەک پێویست و بە خێرایی بڕیار لەبارەی دۆسیەی تاوانەکانەوە بدرێت و ئەوەش وادەکات تاوانەکان بەردەوام بن".
بەگوتەی ئەو پارێزەرە، جگە لە سنوورداری و کەمیی ژمارەی دادگە و دادوەرەکان لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش کەموکورتی هەیە و ناتوانێت وەک پێویست مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکات و نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە تەنانەت هێزەکانی پۆلیس ئۆتومبیل و پێداویستیی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا رێزان شێخ دلێر گوتی، کوژرانی ئەو گەنجەی چەمچەماڵ بەو شێوازە لەرووی یاساییەوە دەچێتە چوارچێوەی تیرۆر و هیچ پێناسەیەک هەڵناگرێت و بڵاوکردنەوەی بیری تووندرۆیی هۆکارە بۆ تەشەنەکردنی ئەم رووداوانە.
رۆژی هەینی، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی تۆمەتباری کوژرانی خواناس وریای بە ناوی ( هـ، ک ، ع) راگەیاند و گوتی، تۆمەتبار لەدایکبووی 1995 و دانیشتووی چەمچەماڵە.
لە بەشێکی روونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتبوو، "تۆمەتبار هۆکاری کوشتنەکەی بۆ جیاوازیی بیروڕای ئاینی گەڕاندەوە و دانی ناوە بەوەی کە چەندجارێک گفتوگۆیان کردووە و لێکتێنەگەیشتن روویداوە".
" تووندوتیژی پەیوەندی بە ئایینەوە نییە"
لەبارەی گەڕاندنەوەی هۆکاری تووندوتیژییەکان بۆ لایەنی ئایینی، د. ئەحمەد کەرکووکی، مامۆستای ئایینی گوتی، "تووندوتیژیی پەیوەندی بە ئایینەوە نییە و ناکرێت جیاوازیی بیروڕای ئایینی بکرێتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی تاوان و کوشتن".
بە گوتەی د. ئەحمەد کەرکووکی، کوشتن بەناوی جیاوازیی بۆچوونی ئایینییەوە تەنیا لە ئایینی ئیسلامدا نییە و لە هەموو ئایینەکانی دیکەدا هەیە، چونکە لە بنەمادا تۆمەتە و دەدرێتە پاڵ ئایینەکان، دەنا کۆمەڵگە پێکهاتەیەکی فرە جیاوازییە و دەبێت جیاوازییەکان قبووڵ بکرێن.
ئەو مامۆستا ئایینییە دان بەوەشدا دەنێت کە لەنێو مامۆستایانی ئایینیشدا کەسانی تووندڕۆ هەن، بەڵام نابێت رێگە بدرێت گەیاندنی پەیامەکان بە شێوەیەک بێت ببێتە هۆی تووندوتیژیی کۆمەڵایەتی.
بنەماڵەی خواناس وریا لە راگەیێندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتیی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەبارەی جیاوازیی روانینی کوڕەکەیان بۆ ئایین لە بەشێکیدا نووسیویانە، "ئەو کوڕە کوڕی ئێمەیە و حاشای لێناکەین. ئێمە وەک خانەوادە شانازی دەکەین بە پابەندبوونمان بە ئایینی ئیسلامەوە؛ نامانەوێت کەس گومان لەسەر ناسنامەی ئایینیمان و پابەندبوونمان بە ئایینەوە بۆ دروست بکات. کوڕەکەمان هەر بیروبۆچونێکی هەبووبێت، بە هەڵچوونی گەنجی و کاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام کراوە و چەند مانگێکە لەسەرخۆ رووەو قەناعەتی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو و دڵمان خۆش بوو بەوەی لەوبارەیەشەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا."
"هەڵە تێگەیشتن هەیە"
لەبارەی بەردەوامیی تووندوتیژییە کۆمەڵایەتییەکان بە پاساوی جیاوازیی بۆچوون و ئایینەوە؛ عەدنان گەردی، توێژەری کۆمەڵایەتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، هەڵە تێگەیشتن لە رای جیاواز و شرۆڤە ئاینییەکاندا هەیە و پێویستە مینبەر و مزگەوتەکان بکرێنە شوێنی پەروەردەکردنی کۆمەڵگە.
عەدنان گەردی گوتیشی، گرفت لە سیستمی دادوەرییدا هەیە لە هەرێمی کوردستان و ئەگەر گرفتەکانی دەسەڵاتی دادوەریی چارەسەر نەکرێن، ئەوا کۆمەڵگەی کوردی لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
بەپێی شایەتحاڵەکان، خواناس لە پێش دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ بووە و بکوژەکەی تەقەی لێکردووە. رۆژی هەینی 23-6-2023 عەمید محەممەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "بکوژی خواناس وریا خەڵکی چەمچەماڵە و کەسێکە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە ناسراوە؛ ئەو هاوڕێی نزیکی کوژراوەکە نییە، بەڵام یەکدییان ناسیوە و پێش رووداوی کوشتنەکە دەمەقاڵێیەکیان هەبووە"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ