رووداو دیجیتاڵ
دوو یاریگای تاتان لە خورماتوو کە لەسەر ئەرکی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دروستکراون، 13 ساڵە بە نیوەچڵی بەجێهێڵدراون؛ وەرزشوانانی قەزاکە داوا دەکەن پڕۆژەکە تەواو بکرێت کە بەهۆی شەڕی داعش و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە راگیراوە.
یەکێک لە یاریگاکان شەش یاریزانی و ئەوی دیکەیان 12 یاریزانییە و 60%ـی کارەکانیان تەواو بووە. وەرزشوانان داوا لە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەن کە پڕۆژەکەیان بۆ تەواو بکات.
وشیار محەممەد، وەرزشوانێکی خورماتووە و بە رووداوی گوت، "سوپاسی کاک نێچیرڤان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە ئەم پڕۆژەیە لەسەر دەستی جەنابیان دروستکرا و وەک دیارییەک پێشکێشمان کرا، بەڵام ماوەی 13 ساڵە راگیراوە. داواکارین دەنگمان بگەیەنن بە کاک نێچیرڤان تاوەکو ئەم دیارییە بەنرخەمان بۆ تەواو بکات بۆ ئەوەی گەنجانی ئەم شارە سوودمەند بن."
هەروەها سەباح نووری، وەرزشوانێکی دیکەیە و دەڵێت، "داوا لە حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بتوانن ئەم یاریگایەمان بۆ تەواو بکەن بۆ ئەوەی گەنجانمان لێرە بتوانن پشوویەک بدەن و لە کاری خراپ دووربکەونەوە."
بۆ پڕۆژەکە سێ گوژمەی پارە خەرجکراوە و تەواوی کەرەستە و پێداویستییەکانی هەردوو یاریگاکە کڕدراون و ئامادەن.
عەبدوڵڵا جیهاد، بەڵێندەری پڕۆژەکەش دەڵێ، "پڕۆژەکە دیاریی کاک نێچیرڤان بوو بۆ خەڵکی خورماتوو، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە هەموو پڕۆژەکان وەستان و لەنێویاندا ئەم یاریگایە. تاوەکو ئێستا کەس نەبووە تەواوی بکات. ئەوەندەی پارەمان هەبوو کارمان تێدا کرد و کە پارە نەما، رامانگرت. ئێستاش بەشێکی زۆری کەرەستەکان کڕدراون و تەنیا چاوەڕێی گوژمەی دیکەین بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکان."
پێشتر سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پەرەدان بە کەرتی وەرزش، زنجیرەیەک یاریگای لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە.
