رووداو دیجیتاڵ
لە بەرامبەر بەکارهێنانی دیزاینی پۆشاکی دێرینی فەرەنجیی کوردی لە یەکێک لە نمایشەکانی جلوبەرگدا بەبێ ئاماژەدان بە مێژووەکەی و کورد، داوا دەکرێت رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا و براندی بەناوبانگی جیهانیی لوی ڤیتۆن-LOUIS VUITTON بگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عادل حوسێن قادر، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەکو ئەرکێکی نیشتمانی و داکۆکیکردن لە سەرچاوەی کولتووری و کەلەپووری گەرمیان و کوردستان، داوا دەکەین رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر کۆمپانیای خاوەن براندی جیهانیی (لوی ڤیتۆن) بگیرێتەبەر، کە لە وەرزێکی نمایشی جلوبەرگدا هەمان دیزاینی (فەرەنجی)ی کوردیان دووبارە کردووەتەوە، بەبێ ناوهێنان و پیشاندانی ریشە و مێژووی ئەم پۆشاکە رەسەنە."
عادل حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، "فەرەنجی پۆشاکێکی مێژوویی و رەسەنی گەرمیانە و باوباپیرانمان سەدان ساڵ لەمەوپێش پۆشیویانە، هاوکات ناسنامە و لۆگۆی قەزایەکی خاوەن قوربانی و ئەنفالکراوی وەک (رزگاری)یە، بە جۆرێک لە ساڵی 2002ـەوە مۆنۆمێنتی فەرەنجی کە کاری پەیکەرتاش (بەیان مانی)یە، لەو قەزایە دانراوە و بووەتە سیمبولی ناوچەکە.
گوتیشی: "بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان کردووە کە سکاڵا لەسەر کۆمپانیاکە تۆمار بکات."
جگە لە گەرمیان، لە پارێزگای هەڵەبجە و لەلایەن چەندین رێکخراوی دیکەی حکومی و ناحکومی، داوا لە وەزارەتی رۆشبینیری کراوە سکاڵا تۆمار بکات. بەڕێوەبەری رۆشنبیریی گەرمیان گوتی: "ئەمرۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت قسەمان کردووە پێیان راگەیاندووین نووسراوەکە گەیشتووەتە دەستمان و کاری لەسەر دەکەین."
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی گەرمیان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، لە سەنگەری پیشەییانەوە بۆ پارێزگاریکردن لە ناسنامەی کولتووری و کەلەپووری کورد، کاردانەوەی یاسایی و رێکاری پێویست بەرامبەر ئەو کۆمپانیا جیهانییە بگرنەبەر تاوەکو رێگری لە بەکارهێنان و بردن و شێواندنی پۆشاک و کەلەپووری کوردی بکرێت.
فەرەنجی چییە و چۆن دروست کراوە؟
فەرەنجی، جۆرە پۆشاکێکە کە لە خوری دروست دەکرێ، تاوەکو کەمەر درێژە و شانەکانی درێژتر و بۆلای سەر دەچنەوە. زیاتر وەک بەرگێکی پۆشتە بەکاردێت و بۆ جوانی لە بۆنەی تایبەت لەبەر دەکرێت.
زۆر جار فەرەنجی و کەپەنک تێکەڵ دەکرێت و دەگوترێت دوو ناوی یەک پۆشاکن، بەڵام لە راستیدا جیاوازن.
کەپەنک، درێژتر و پانترە، لە بەرۆکەوە بە قەیتانێک دەبەستێرێت و زیاتر بۆ خۆپاراستن لە باران و سەرما لەبەر دەکرا، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە وەرزی سەرمادا شوان و گاوانییان دەکرد یاخود دەچوونە شوێنی دوور لە ئاوایی و لەبەر سەرمادا دەمانەوە. کەپەنک لە فەرەنجی درێژترە و تاوەکو گۆزینک (قولەقاپ) درێژە.
