رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە 10ـەمین پێشانگەی کتێبی ئامەد بە بەشداریی 27 دەزگای چاپ و پەخشی کوردی بکرێتەوە و بۆ ماوەی 9 رۆژ بەردەوام بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24ـی ئەیلوولی 2026، یەکێتیی وەشانخانەکانی تورکیا رایگەیاند، 10یەمین پێشانگەی کتێبی ئامەد، بەسپۆنسەری ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد لە سەنتەری نێودەوڵەتیی پێشانگە و کۆنگرەکانی میزۆپۆتامیا لە رۆژانی 26ی ئەیلوول تاوەکو 4ی تشرینی یەکەم بەڕێوەدەچێت.
یەکێک لە بەشە دیارەکانی ئەمساڵی پێشانگەکە، بەشداریی فراوانی دەزگاکانی چاپ و پەخشی کوردییە. لەم چوارچێوەیەدا، 27 دەزگای چاپەمەنی و دامەزراوەی کوردی لە شارە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەژێر چەتری یەکێتیی وەشانخانەکانی کورد (یەک-کورد) بەشدار دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی لیژنەی رێکخەر، لە ماوەی پێشانگەکەدا 74 پانێڵ و نزیکەی 300 چالاکیی واژۆکردنی کتێب بۆ نووسەران بەڕێوەدەچن.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش دەیان هەزار قوتابی و خوێنەر و هەوادارانی کتێب لە سەرانسەری ناوچەکە سەردانی پێشانگەکە بکەن.
