دوازەنگی زەوی؛ گەڕان بە دوای پڵنگ لە شاخی بەمۆ

23-11-2023
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
بەشێکی بەرنامەی دوازەنگی زەوی
بەشێکی بەرنامەی دوازەنگی زەوی
نیشانەکردن دوازەنگی زەوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گەنجەکە بەسەرهاتەکانی خۆی لەبارەی پڵنگ دەگێڕایەوە، "جارێکیان لە ئەشکەوتێک خەوتبووین، گوێم لە نەڕەی پڵنگ بوو، وامدەزانی خەونە، بە نەڕەی دووەم لە جێگەکەم راچڵەکیم... پڵنگەکە لەسەر ئەشکەوتەکە بوو، واتە تەنیا 10 مەتر لێمانەوە دوور بوو."
 
ژمارەی پڵنگەکان لە هەرێمی کوردستان کەمن، بۆیە بینینیان بۆ ئاژەڵدۆستان دەستکەوتێکی گەورەیە. بەهۆی راوکردن و تێکدانی ژینگەکەیان، زۆر قورسە بەئاسانی ببینرێن، بەڵام لێرە و لەوێ ناوی دوو گەنجی خەڵکی گوندی هۆرێنم بیستبوو، کە لە شاخی بەمۆ دەیان کامێرایان لە دارەکان بەستووە و شەو و رۆژ ڤیدیۆی ئاژەڵە کێوییەکانی ئەو ناوچانە تۆمار دەکەن.
 
شاخی بەمۆ، بەدرێژایی زیاتر لە 15 کیلۆمەتر دەکەوێتە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرزییەکەی زیاتر لە 1700 مەترە. 
 
وەکو لە ڤیدیۆکانیاندا دیارە پڵنگیش یەکێک لەو ئاژەڵانە بوو، کە لە ناوچەکەدا هەن. کاتێک لە پڵنگەکە وردبوومەوە، بۆم دەرکەوت ئەوە پڵنگی زاگرۆسییە یان پێرژن لەپارد. ئەو جۆرە پڵنگە ئەگەر لەوێ مابێت ''زۆر گرنگە''، چونکە یەکێک لەو جۆرانەیە کە لەلایەن یەكێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت لەو گرووپی ئەو ئاژەڵانە پۆلێن دەکرێت، کە مەترسیی لەنێوچوونی لەسەرە، گرنگییەکی دیکەشی ئەوەیە پڵنگ کۆنترۆڵی ژمارەی گیاخۆرەکان دەکەن، کە ئەگەر لە رادەی پێویست زیاتر بن، زیان بە رووبەری سەوزایی دەگەیەنن.
 
بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم بەرنامەیەی (دوازەنگی زەوی) بەرەو سەرتەکی بەمۆ بەڕێکەوتم. لە رێگە، شوانێکم بینی و پێم وابوو ئەو شارەزای ناوچەکەیە، چونکە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی هەموو ناوچەکە گەڕاوە. لێم پرسی، "مامە گیان، هەرگیز پڵنگت لەم ناوچە بینیوە؟"، پێی گوتم، "خۆم نەمبینیوە، بەڵام کوڕەکانم جارێكیان لە دوورەوە بینیبوویان و بە مۆبایل ڤیدیۆیان گرتبوو"، بە وەڵامەکەی دڵخۆش بووم، بەڵام هێشتا دڵنیانەبووم کە پڵنگەکان لەو ناوچەیە مابن.
 
بە چەند پرسیارێک گەیشتمە ئەو دوو گەنجەی وەکو باس دەکرا، شەو و رۆژ لە شاخی بەمۆن. نەبەز هۆرێنی و بەهێز هۆرێنی، دوو برای گەنجن کە بەسەرهاتی زۆریان لەگەڵ ئاژەڵە کێوییەکانی ئەو ناوچەیە هەبوو. 
 
 
نەبەز، برا گەورەکەیە، بڕیارماندا پێکەوە بچینە ئەو شوێنەی پڵنگی لێ تۆمارکراوە. لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا کەمێک دوواندم، هەر بە دەم ڕێگەوە دەیان بەسەرهاتی خۆی لەسەر پڵنگ و ئاژەڵە کێوییەکانی دیکە بۆ باسکردم.
 
ئەوان. حەوت بۆ 11 پڵنگیان لە شاخەکە تۆمار کردبوو، لە ژمارەکە دڵنیا نەبوون، چونکە پڵنگەکان زۆر لە یەکدی دەچوون، بۆیە ناچاربوون بستێک لەسەر پشتی هەریەکە لە پڵنگەکان دیاری بکەن و بە شێوازی خاڵەکانی ئەو بستە لە یەکدییان جیا بکەنەوە.
 
بۆ هەریەکە لە پڵنگەکان ناوێکیان دانابوو، ئەوەی لە هەموویان گەورەتر و بەهێزتر بوو ناوی "کوردستان" بوو، وەکو خۆیان باسیان دەکرد، چەند جارێک پڵنگەکەیان لە دووری کەمتر لە 100 مەترەوە بینیوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پڵنگەکە لێیان نزیک نەبووەتەوە و هیچ زیانێکی پێیان نەگەیاندووە.
 
دەمەو ئێوارە گەیشتینە ئەو شوێنەی پڵنگەکانی لێ تۆمار کرابوو، بەڵام هیچمان نەبینی، تەنیا چەند بەرمیلێک کە بڕابوونەوە و ئاویان تێدا بوو، بۆ ئەوەی ئاژەڵە کێوییەکان لێی بخۆنەوە، لە نزیکیشیەوە دارێک هەبوو کە کامێرایەکی لێ بەسترابوو و هەموو ئەو ئاژەڵانەی تۆمار دەکرد کە لەوێ ئاویان خواردبووەوە.

 

 
نەبەز دەیگوت، جارێكیان لەگەڵ هاوڕێکانی لە ئەشکەوتێک نووستوون، کاژێر نزیک سێی بەرەبەیان بە نەڕەی پڵنگێک لە خەو راچڵەکیوە، پرسیم، "ترسایت؟"، گوتی، "نا، بەپێچەوانە زۆریش دڵمان خۆش بوو، چونکە پڵنگەکە تەنیا 10 مەتر لێمانەوە دوور بوو، چەند جارێک نەڕەی هات و رۆیشت، ئێمەش دەستمان بە دەمەتەقە [قسەکردن] کرد و هەستاین چامان لێنا."
 
باسی ئاژەڵەکانی دیکەی بۆ کردم، "لە نزیک ئەم ئاوە، چەندین بەراز، بزنە کێوی، مار و رێویمان بەڤیدیۆ تۆمار کردووە، تەنانەت مارێک هەبوو لەژێر ئەو بەرمیلە و نزیکەی سێ مانگ لەوێ دەمایەوە، هیچ پەلاماری ئاژەڵەکانی دیکەی نەدەدا کە دەهاتن بۆ ئاو خواردنەوە"، سەیر بوو بەلامەوە مارێک بۆ سێ مانگ پەلاماری هیچ ئاژەڵێک نەدا، ئەو گوتی، "تەنیا جارێک نەبێت، رێوییەک هات ئاو بخواتەوە، مارەکە ترسا و ویستی پەلاماری بدات، بەڵام رێوییەکە هەڵات."
 
ئەو ئێوارەیە هیچمان نەبینی، بۆیە بڕیارمدا کەلوپەل کۆبکەمەوە و شەوێک لەوێ بمێنمەوە. زۆر بەقورسی دووبارە چوومەوە سەرەوە، رێگەکە زۆر سەخت بوو، بەڵام دڵم بەوە خۆش بوو؛ ئەگەر پڵنگیش نەبینم، بەڵکو ئاژەڵێکی دیکە بێتە سەر ئەو ئاوەی بۆ ئاژەڵەکان دانرابوو و لە نزیکەوە بیبینم.
 
 
گەیشتمە شوێنەکە و خێوەتەکەم هەڵدا، نەمدەویست ئاگر بکەمەوە، چونکە ئاژەڵە کێوییەکان لێی دەترسن و نزیکی ئەو ناوچەیە ناکەونەوە، بۆیە خۆراکێکی سارد و سڕم خوارد. چەند کاژێرێک چاوەڕێم کرد، ئەگەرچی جار جار خشەیەک دەهات، بەڵام هیچ شتێک دیار نەبوو. قورسیی رێگەکە تەواو هیلاکی کردبووم بۆیە خەوم لێکەوت بەو ئومێدەی کە ئەگەر ئاژەڵێک هات، بە دەنگەکەی خەبەرم ببێتەوە و بیبینم. ئەو شەوە لەوێ مامەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەی پڵنگەکان زۆر کەمبوونەتەوە، هیچم نەبینی. 
 
پێرژیەن لەپەرد یان پڵنگی زاگرۆسی لە لووتکەی هەڕەمی خۆراکی لە سەرتەکی بەمۆ، فەرمانڕەوایەتیی ناوچەکە دەکات، درێژییان نزیکەی 160 سانتیمەترە و کێشیان دەگاتە 60 کیلۆگرام.
 
ئەو جۆرە پڵنگە، لە ساڵی 2016ـەوە لەژێر ئەو زیندەوەرانە پۆڵێن دەکرێت، کە هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە، راوکردنیان هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەیانە. زیاتر لە حەوت دانە لە سەرتەکی بەمۆی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە کامێراکانی ئەو دوو گەنجە تۆمارکراون. بەچکەکان تاوەکو دوو ساڵ لەگەڵ دایکیان دەمێننەوە، دواتر دەچنە ناوچەیەکی دیکە و فەرمانڕوایەتی خۆیان لەوێ دەسەپێنن.
 
 
ئەم پڵنگانە دوور لە خەڵک و ئاوەدانی دەژین، بە رۆژ لە حەشارگەن و شەوان دێنە دەرەوە و چەندین کیلۆمەتر بۆ راوکردنی نێچیرەکەیان دەبڕن کە زۆرتر بزنی کێوی، ئاسک و بەرازن.
 
ئەمە چیرۆکی تۆمارکردن و بەدواداچوونە بۆ بەشێکی بەرنامەیەکی دوازەنگی زەوی، کە ژیار حەکیم ئامادەکار و پێشکێشکارییەتی.
 
دوازەنگی زەوی، هەموو چوارشەممەیەک کاژێر 09:00ـی شەو بەکاتی هەولێر لە تەلەڤیزیۆن و سۆشیاڵ میدیاکانی رووداو پەخشدەکرێت. لە بەرنامەکەدا مەترسیی، کاریگەری و هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و چۆنێتیی چارەسەرکردنیان دەخرێنەڕوو.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".