بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: 70٪ـی ئێزدییەکان نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان

23-09-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو-هەولێر

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک رایگەیاند، دوای پێنج ساڵ لە راگەیاندنی رزگارکردنی موسڵ لەدەستی داعش، هێشتا 70٪ـی ئێزدییەکان نەگەڕاونەتەوە شوێن و ناوچەکانی خۆیان. 
 
رۆژی هەینی، 23-9-2022، پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "دوای پێنج ساڵ لە رزگارکردنی موسڵ لە دەستی چەکدارانی داعش و راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر ئەو گرووپە، هێشتا 70٪ـی ئێزدییەکان لە دەرەوەی ناوچەکانی خۆیان دەژین و نەگەڕاونەتەوە زێد و شوێنەکانی خۆیان، ئەوانەشی گەڕاونەتەوە تەنیا 30٪ن."
 
هۆکارەکانی نەگەڕانەوەی ئێزدییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ سێ هۆکار کە بەقسەی ئەو، "هۆکاری ئەمنی و نەبوونی سەقامگیرییە لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەیە وەکو ئاو و کارەبا و قوتابخانە و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکەی ژیان، جگە لەو دوو خاڵەش نەبوونی هەلی کار یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وایانکردووە خەڵک نەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان."
 
بەپێی ئامارەکانی ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک، لەو پارێزگایە هێشتا 133 هەزار ئێزدیی شنگال و دەوروبەری لەژێر خێوەتدا دەژین و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش لە خانوو و شوێنەکانی دیکە دەژین. دەشڵێت، "ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ شنگال، نزیکەی 80 هەزار کەس دەبن."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئێستا هاتن و چوونی ئاوارە ئێزدییەکان لە شنگالەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و رۆیشتنەوە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان راوەستاوە. باسی لەوەش کرد، "لە رۆژی 2ـی ئایاری ئەمساڵ تەنها لە سێ رۆژدا 2452 کەس لە شنگال و دەوروبەرییەوە ئاواری هەرێمی کوردستان بوونەوە و دواتر بەشێکیان گەڕانەوە و هەندێکیشیان لێرە مانەتەوە، ئێستا بەگشتی هیچ گەڕانەوە و هاتنێک نییە."
 
ئێزدییەکان پێکهاتەیەکی ئاینیی عێراقن، لە 3ـی ئابی 2014 رووبەڕووی پەلامارەکانی چەکدارانی داعش بوونەوە و بەپاساوی ئایین جیاییان داعش شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدیی رفاند؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون و نزیکەی 2800 کەسی دیکەشیان شوێنبزرن.
 
 سەبارەت بە گواستنەوەی 250 ماڵی ئێزدیی نیشتەجێی گوندێکی قەزای سێمێلی پارێزگای دهۆک بۆ کەمپێکی پارێزگاکە، پیر دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک گوتی، "ئەو ئاوارانە ماوەی هەشت ساڵە لە گوندی سێجێی قەزای سێمێل نیشتەجێن بەنیازین بیانگوێزینەوە بۆ کەمپی کەبەرتوو لە پارێزگای دهۆک و ژمارەیان 250 خێزان دەبێت، ئێستا خاوەن خانوو و ئەو هەیکەلانەی تێیدا دەژییان داوایانکردووە بۆیان چۆڵبکەن بەهۆی ئەوەی نۆژەنیان دەکەنەوە."
 
گوتیشی، "ئێمەش بە هاوکاری رێکخراوی Careـی ئەڵمانی شوێنیمان لە کەمپی کەبەرتوو بۆ دابینکردووە و لە رێگەی پەرلەمانتار شەریف سلێمان خێوەتیان بۆ دابینکراوە کە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقەوە نێردراوە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە گواستنەوەکە ئارەزوومەندانە دەبێت و ژمارەی ئەو خێزانانە دەگاتە 23 هەزار و 600 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شێخ عەلی شێخ ئیلیاس، بابەشێخی کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان

بابەشێخی کوردانی ئێزدی پیرۆزبایی کریسمس لە کریستیانەکان دەکات

بابەشێخی کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان لە پەیامێکیدا دەڵێت، پێویستە ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا بچەسپێت و پێکەوەژیانی نێوان سەرجەم ئایین و نەتەوە و مەزهەبەکانی کوردستان و عێراق پتەوتر بکرێت.