رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، گرژییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کەمێک خاو بوونەتەوە و هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دەبێت بەرەو چارەسەر هەنگاو بنێن و دەشڵێت، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان پێویستییەکی لەپێشینەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر هەرێمی کوردستانن، بەتایبەتی لە بەغداوە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، لە هەڤپەڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد تیشکی خستە سەر ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و رایگەیاند، "من شتێکی سەد لە سەد لە گیرفانم نییە پێت بڵێم کە کەی پەرلەمان کارا دەکرێتەوە و کەی کابینەی نوێ پێکدەهێنرێت، بەڵام بەگوێرەی ئەم بارودۆخەی کە ئەمڕۆ هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی و کەمێک خاوبوونەوەی گرژییەکان، گفتوگۆ و تەلەفۆن و چاوپێکەوتنەکان هی ئەوەیە کە هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە بەرەو چارەسەر بڕۆن."
سەبارەت بەو "کێشە ئەمنییە"ی کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی کرد، سەعدی پیرە روونیکردەوە کە مەبەست لێی "دەستێوەردانە لە کاروباری ئەمنی بۆ مەرامی حیزبی." ئەو گوتی، "دەبێت دامەزراوە ئەمنییەکان لە یەک سەرچاوەوە فەرمان وەربگرن، بەڵام ئێستا دۆخێکی وا دروست بووە کە وانییە."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان بەرپرسانی باڵای پارتی و یەکێتی، لەوانەش کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، هەروەها کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، بە "باش" وەسفکرد.
سەعدی پیرە، هۆکاری سەرەکیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەو هەڕەشانە دەگەڕێنێتەوە کە لەسەر هەرێمی کوردستانن. ئەو دەڵێت، "هەڕەشەمان لە بەغداوە لەسەرە".
سەعدی پیرە، کە ماوەیەکی زۆر لە بەغدا بووە، پێیوایە عەقڵیەتی سیاسی لە بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕاوە و وەک سەردەمی مام جەلال نییە. "ئەو سەردەمە، ئەو کەسانەی کاربەدەست بوون، پێکەوە لە سەنگەردا بووین و زمانێکی هاوبەشمان هەبوو. بەڵام نەوەی نوێی سیاسی لە بەغدا دوو جۆرن: جیلێکمان هەیە کە لە روانگەیەکی شۆڤێنییەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و پێیوایە دەسەڵات هی ئەوانە. بەشەکەی دیکەشیان یان هەر تێناگەن عێراق وڵاتێکی فرەپێکهاتەیە، یان گرنگیی پێ نادەن."
لەبارەی گلەیی پارتی لەوەی کە بڕیارەکانی وەزیرەکانیان لە سنووری سلێمانی جێبەجێ ناکرێت، پیرە گوتی رەنگە "وا بێت" و هۆکارەکەشی بۆ دەستێوەردانی حیزبی گەڕاندەوە. ئەو گوتی، "زۆر دەزگای حیزبی هەن کە دەستێوەردان لە کاروباری حکومەت دەکەن. بۆ نموونە، لەناو وەزارەتەکاندا بەرپرسی حیزبی هەیە کە رۆژانە دەستێوەردان دەکات."
سەعدی پیرە دووپاتیکردەوە کە پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەم ساڵ "زۆر پێویستە" و گوتی، "پێویستمان بە حکومەتێکی چالاکی تازە و پەرلەمانێکی کارایە بۆ ئەوەی بتوانین رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببینەوە، لەوانەش سەرهەڵدانەوەی داعش، کە تەنیا بە هێزێکی سیاسیی یەکگرتوو و هێزێکی ئەمنی و سەربازیی هاوبەش دەکرێت."

