رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق، کوژرانی فەرماندەی پەیوەندییەکانی فیرقەی 11ـی پیادە و کارمەندێکی دیکەی سوپای لە سنووری پارێزگای کەرکووک راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی چەکدارانی داعش پێیاندا تەقیوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2026، لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق لە پرسەنامەیەکدا رایگەیاند، رووداوەکە لە سنووری دەسەڵاتی فیرقەی 11ـی پیادە روویداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، عەمید ئاهات یاسر خزر حوسێن، فەرماندەی پەیوەندییەکانی فیرقەی 11ـی پیادە و کارمەندێک بە پلەی جێگری ئەفسەر بە ناوی موعتەز شەهید عەباس، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی سەربازیدا گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی چۆنیەتیی رووداوەکەش، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق روونیکردووەتەوە، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە کە سەرقاڵی پشکنینی ئەو شوێنە بوون کە لە دۆڵی زغەیتوون لە سنووری پارێزگای کەرکووک لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە بۆردوومان کرابوو و مۆڵگەیەکی داعشی کردبووە ئامانج، لەو کاتەشدا بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی داعش پێیاندا تەقیوەتەوە.


