رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەو رەشنووسەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 کە زانیارییەکانی دزەیان پێکراوە، "مەبدەئییەن بەلای ئێمەوە رەتکراوەیە، چونکە زیاتر توخمی سزادانی تێدایە و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان زیاد لە شوێنێکدا پێشێلکراون." هاوکات، هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر پڕۆژەیاساکە بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوودا "شەش مووچە" وەردەگرن و شەش مووچەیان دەفەوتێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، باسی پڕۆژەیاسای بودجە، پرسی بەهای دینار و تەواوکردنی کابینەی حکومەت کرد و رایگەیاند، کورد لە چەند خاڵێکی سەرەکیی رەشنووسی بودجە نیگەرانە و ئەگەر چارەسەر نەکرێن، رێگە بە تێپەڕاندنی نادەن.
"رەشنووسەکە رەتکراوەیە"
سەبارەت بە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەوەی لەو رەشنووسەدا هاتووە، بەلای ئێمەوە رەتکراوەیە، چونکە کۆمەڵێک خاڵی زۆر خراپی تێدایە،" یەکێک لە نیگەرانییە سەرەکییەکان پەیوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە.
بە گوتەی ئەو، "بەپێی ئەو سەرژمێرییەی کە حکومەتی عێراقی خۆی کردوویەتی، رێژەی هەرێمی کوردستان 14% و چەند پۆینتێکە، بەڵام ئەوان لێرە 12%یان داناوە."
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر روونیکردەوە کە ئەو 12%یـەش پشکێکی راستەقینە نییە و گوتی، "با خەڵک بزانێت کە تەواوی 12%ـەکەش نییە، چونکە دوای بڕینی بودجەی سیادی و حاکیمە، پاشان پشکی هەرێمی کوردستان لەوەی دەمێنێتەوە، هەژمار دەکرێت."
خاڵێکی دیکەی جێی نیگەرانیی کورد، بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بابەتی خەرجیی راستەقینە (الانفاق الفعلي)ـیە. ئەو هۆشداریی دا کە ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بچێتە چوارچێوەی خەرجیی کردارییەوە، ئەوا مەترسیی جیدی لەسەر مووچەکانیان دروست دەبێت، "ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە بەو شێوەیە بڕوات، فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە ساڵی داهاتوو شەش مووچە وەردەگرێت و شەش مووچەی دیکەی دەفەوتێت. ئەمە خەتەرە و نابێ بڕوات."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پێی وایە، "هەموو خراپەکانی ساڵانی دیکە هێنراوە بۆ ناو ئەم رەشنووسە." بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دزەپێکردنی رەشنووسەکە و دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستیان پێکردووەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاشکرای کرد، "دوای ئەوەی رەشنووسەکە بڵاوبووەوە، کاک مەسرور بارزانی نیگەران بوو و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامدا. لە ئەنجامی ئەو پەیوەندییەدا، بڕیاردرا هەردوولا دابنیشنەوە و دەرفەتی ئەوە هەیە دەستکاری بکرێت."
گوتیشی، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوولادا، "هەندێک نەرمی" لەلایەن بەغداوە نیشاندراوە، بەتایبەتی لەسەر جیاکردنەوەی مووچە لە خەرجیی راستەقینە، چونکە "ئەوانیش لەوە تێگەیشتوون کە ئەم بابەتە بەلای ئێمەوە هێڵی سوورە."
"ناهێڵین دەنگی لەسەر بدرێت"
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەگەری هاتنی پڕۆژەیاساکە بەم شێوەیەی ئێستا بۆ پەرلەمان، شاخەوان عەبدوڵڵا، جەختیکردەوە کە رێگە بە تێپەڕاندنی نادەن، "ئەگینا بەم شێوەیەی ئێستا بێتە پەرلەمانی عێراق، بە راستی نابێت تێپەڕێت. نەک ئەوەی دەنگی لەسەر نەدەین، بەڵکو دەبێت نەهێڵین بڕوات."
ئەو روونیکردەوە، ئەوان وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان لە بەغدان بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن و گوتی، "من خەڵک بۆ ئەوە نەیناردووم کە ببینم بودجەیەک پەسەند دەکرێت و فەرمانبەری من شەش مووچە وەربگرێت. ئەگەر پێویست بکات، ناهێڵین دانیشتنەکە ئەنجام بدرێت، پێشتریش کردوومانە."
تەواوکردنی کابینەی حکومەت
سەبارەت بە پڕکردنەوەی پۆستە وەزارییەکانی ماوە لە کابینەی عەلی زەیدی، کە پشکی کوردستانیشی تێدایە، شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاند، بڕیاربوو هەفتەی رابردوو ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام بەهۆی "هەندێک گرژی" لەنێو لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بابەتەکە دواکەوت.
ئەو دووپاتیکردەوە کە رێباز حەملان و بەنگین رێکانی، بەربژێری پارتین بۆ پۆستەکان و جەختیکردەوە، "تاوەکو رێککەوتنی سیاسی نەبێت و مسۆگەر نەکرێت، بەربژێرەکانمان ناخەینە دەنگدانەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی جاری پێشوو دووبارە نەبنەوە."
گوتیشی، هەندێک لایەن "تێبینیی شەخسی"یان لەسەر بەربژێرەکان هەبووە، بەڵام قسەیان لەگەڵ کراوە و کێشەکان چارەسەر کراون، "بۆ ئێمە گرنگە کە رێکارەکان بە شێوەیەکی باش بکرێن و نابێت بچینە پەرلەمانەوە تاوەکو لایەنەکان پێمان نەڵێن کە پشتیوانییان دەکەن."


