رێکخراوی CPTی ئەمریکی: تورکیا 64 بارەگا و بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە

23-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تیمی کوردستانی عێراقیی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی رایدەگەیێنێت، تورکیا 55 بارەگا و 9 بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستان هەیە و بە قووڵایی جیاواز لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک هاتووەتە ناوەوە، زۆرینەی ئەو بارەگا و بنکانە لە پارێزگای دهۆک بوون. دەشڵێت، لە کۆی 138 کەسی سڤیل کە بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە کوژراون، 78یان لە پارێزگای دهۆک بوون، لە 204 برینداریش 102یان لەو پارێزگایە بوون.
 
کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقیی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی لەبارەی شەڕی تورکیا و پەکەکە و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تورکیا لە ساڵی هەشتاکانەوە تاوەکو ئێستا 13 ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و لە ماوەی نێوان ئەو ئۆپەڕاسیۆنانەشدا کۆمەڵێک ئۆپەراسیۆنی بچووکی هەبووە، بەپێی داتاکانی ئێمە کە بە ناو و تەمەن و وردەکاریی شوێنی رووداوەکانەوە لامان تۆمارکراون، لە مانگی ئابی ساڵی 2015وە تاوەکو رووداوەکەی رۆژی 20ی تەممووزی گوندی پەرەخی شارۆچکەی دەرکاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 138 کەسی سڤیل بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە شەهید بوون، هەروەها 204 کەسیش بریندار بوون."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوە ئەمریکییەکە، ژمارەی ئەو کەسانەی سڤیل بوون و بەهۆی شەڕەکانەوە لە مانگی ئابی ساڵی 2015وە تاوەکو رۆژی 20ی تەممووزی 2022 کوژراون بەم شێوەیە دابەشبوون:
 
- کۆی گشتیی کوژراوەکان 138 کەس، شوێنی کوشتنەکانیش بەم شێوەیە بوون:
 
- پارێزگای دهۆک: 78 کەس
- پارێزگای هەولێر: 41 کەس
- پارێزگای سلێمانی: 6 کە
- قەزای شنگال: 13 کەس
 
لەبارەی بەزاندنی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە بە پاساوی بوونی چەکدارانی پەکەکە، روونیکردەوە، "تورکیا لە مانگی 12ی ساڵی 2017وە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەی بۆ ناوچەی سیدەکان لە پارێزگای هەولێر دەستپێکرد و بە قووڵایی 35 بۆ 40 کیلۆمەتر لە سیدەکانەوە هاتووەتە ناوەوە، دواتریش لە زاپ و ئاڤاشینەوە بە قووڵایی 19 کیلۆمەتر هاتووەتە پێشەوە و دوایین بارەگاشی لە 16ی حوزەیرانی 2022 لە چیای کوڕەژارۆ جێگریکرد، پاشانیش لە حەفتانین بە قووڵایی 15 کیلۆمەتر هاتووەتە ناوەوە و لە بەرواریی باڵاش 12 کیلۆمەتر. رووداوەکەی رۆژی 20ی ئەم مانگەی گوندی پەرەخ لە بارەگای سەربازیی خامتیرەوە تۆپباران هەبوو، کە 9 بۆ 10 کیلۆمەتر لە خاکی تورکیاوە دوورە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 دوو بنکەی سەربازیی تێدا جێگیر کراوە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی، ژمارەی ئەو کەسانەی سڤیل بوون و بەهۆی شەڕەکانەوە بریندار بوون بەم شێوەیە دابەشبوون:
 
- کۆی گشتیی بریندارەکان 204 کەسن و شوێنی برینداربوونیشیان بەم شێوەیە بووە:
 
- پارێزگای دهۆک: 102 کەس
- پارێزگای هەولێر: 51 کەس
- پارێزگای سلێمانی: 19 کەس
- قەزای شنگال: 32 کەس
 
سەبارەت بە تۆپباران و بۆردوومانەکانی تورکیا و هێرشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان کامەران عوسمان، ئەندامی  تیمی کوردستانی عێراقیی رێکخراوە ئەمریکییەکە ئاشکرای کرد، داوایان لە ژمارەیەک وڵات کردووە هاریکارییە سەربازییەکانیان بۆ تورکیا رابگرن کە بەهۆی بەشێکیانەوە خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی.
 
لەوبارەیەوە کامەران عوسمان گوتی، "داوامان لە کۆنسوڵخانەی ژمارەیەک وڵات کردووە، لەوانەش ئەڵمانیا، بەریتانیا و کەنەدا، کە لەڕووی سەربازییەوە هاریکاریی سوپای تورکیا نەکەن، چونکە بەهۆی هێرشەکانەوە خەڵکی مەدەنی بوونە قوربانی، ئێمە لە یەکێک لە سەردانەکانمان بۆ کۆنسوڵخانەی کەنەدا پارچەی گولـلـە هاوەنێکمان پیشاندان کە دروستکراوی کەنەدا بوو و تورکیا بەکاریهێنابوو."
 
لەبارەی زیانە ژینگەییەکان و دارستانەکانیش روونیکردەوە، "تاوەکو ئێستا ملیۆنێک و 850 هەزار دۆنم زەویی دارستان و پاوان و زەویی کشتوکاڵی سووتاون و زیانیان بەرکەوتووە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رێکخراوی CPT، ژمارەی بارەگا و بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان 64 بارەگا و بنکەی سەربازین، 55یان بارەگا و 9یان بنکەی سەربازین، بەم شێوەیەش دابەشبوون:
 
- پارێزگای هەولێر: 14 بارەگای سەربازی، بەم شێوەیە دابەشکراون:
 
- سیدەکان: 12 بارەگا
- مێرگەسۆر: 2 بارەگا
 
- پارێزگای دهۆک: 41 بارەگای سەربازی، بەم شێوەیە دابەشکراون:
 
- ئامێدی، شێلادزێ، کانێ ماسی، بامەڕنێ و دێرەلووک: 23 بارەگا
- ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: 18 بارەگا
 
هەروەها 9 بنکەی سەربازی هەن، کە شەشیان لە حەفتانین و سێیان لە سیدەکانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوارەبوونی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014 بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە. وێنە: Getty Images/ئەرشیڤ

پێنج هەزار کوردی ئێزدی قەرەبوو کراونەتەوە

پێنج هەزار کوردی ئێزدی لە شنگال قەرەبوو کراونەتەوە؛ ئەم ساڵ بە گشتی زیاتر لە 200 ملیار دینار بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەتووانی نەینەوا خەرج کراوە