راکان جبووری بۆ رووداو: بڕیاری گەڕانەوەم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەداوە

23-04-2025
هێمن عەساف
 راکان جبووری دوای گەڕانەوەی بۆ کەرکووک قسەی بۆ رووداو کرد
راکان جبووری دوای گەڕانەوەی بۆ کەرکووک قسەی بۆ رووداو کرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت دوای ئازادکردنی، گەڕایەوە شاری کەرکووک و لەلایەن لایەنگرانی پێشوازی لێکرا. راکان جبووری رایگەیاند، ناگەڕێتەوە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، تاوەکو ئەو کاتەی دادگە پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک یەکلایی دەکاتەوە.
 
راکان جبووری، کە بە تۆمەتی گەندەڵی چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کرابوو، رۆژی دووشەممە لە بەغدا دەستگیرکرا، دوێنێ ئازاد کرا و ئەمڕۆش گەڕایەوە کەرکووک، لە کاتی گەڕانەوەیدا لایەنگرانی پێشوازییان لێکرد. 
 
جبووری سەبارەت بە پێشوازیی لایەنگرانی، بە رووداوی گوت: "سوپاسیان دەکەم. ئەوەی ئێستا دەیبینن پلانی بۆ دانەڕێژراوە، خۆڕسکانە بووە."
 
پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت پەیامێکی بۆ لایەنە سیاسییەکانی شارەکە نارد: "پەیامم ئەوەیە پێویستە حکومەتی ناوەندی و هاوبەشەکانمان ئاگاداربن، چونکە کەرکووک موڵکی هەمووانە و بەپێی مادەی 13 پێویستە هەمووان لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک بەشدار بن. نابێ چیدی ئەم پەرتەوازەیی و دابەشبوونە زەقە لەنێو پێکهاتەکانی کەرکووک بمێنێتەوە."
 
رۆژی دووشەممە، 21ـى نیسانی 2025، راکان جبوورى بە فەرمانى دادگەی رەسافە راگیرا، ئەمەش دوای ئەوەی بە تۆمەتی گەندەڵی چەند سکاڵایەکی لەسەر تۆمار کرابوو. لەوانە بەکارهێنانی بودجەی ئاوەدانکردنەوە بۆ میوانداری، گەڕاندنەوەی ژمارەیەک فەرمانبەر، کە لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە. دانانى کەسێک بە "نایاسایی" لە پۆستى راوێژکارى پارێزگار، سەرپێچى لە وەرگرتنى هاوکارییەک و دابەشکردنى لە ساڵى 2021.
 
راکان جبووری لەو بارەیەوە گوتی: "ئێمە چووینە بەردەم دادگە، هیوادارم دادگە هەموو ئەم پێشێلکارییەی لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک روویاندا، ببینێت و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات."
 
رۆژی 10ـی ئابى 2024، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى 9 ئەندام لە هۆتێل رەشید لە بەغدا کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێی هەڵبژارد، بەڵام بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن، لەوانە دوو ئەندامەکەی پارتی و سێی عەرەب و دوو ئەندامەکەی تورکمان بەشداریی کۆبوونەوەکەیان نەکرد، لەو کاتەوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگایان کردووە.
 
ئەو لایەنانەی بایکۆتیان کردووە، چەند سکاڵایەکیان لەسەر کۆبوونەوەکەی رۆژی 10ـی ئابى 2024 لە دادگەی باڵای فیدراڵی و دادگەی کارگێڕی تۆمار کرد، بەڵام سکاڵاکان رەتکرانەوە.
 
سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، راکان جبووری گوتی: "نەخێر نەخێر تاوەکو ئەم ساتە هیچ پێشهاتێک نییە، پێویستە دادگە پرسەکە یەکلایی بکاتەوە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ راکان جبووری، پارێزگاری پێشووی کەرکووک بەوەکالەت:
 
رووداو: پەیامتان چییە بۆ جەماوەرتان لە کەرکووک؟ 
 
جبووری: پەیامی سەرەتاییم بۆ جەماوەر، سوپاسیان دەکەم. ئەوەی ئێستا دەیبینن پلانی بۆ دانەڕێژراوە، خۆڕسکانە بووە. پەیامم ئەوەیە پێویستە حکومەتی ناوەندی و هاوبەشەکانمان ئاگاداربن، چونکە کەرکووک موڵکی هەمووانە و بەپێی مادەی 13 پێویستە هەمووان لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک بەشدار بن. نابێ چیدی ئەم پەرتەوازەیی و دابەشبوونە زەقە لەنێو پێکهاتەکانی کەرکووک بمێنێتەوە. 
 
رووداو: پێتانوایە ئەم دۆخە لە ئەنجامی سکاڵایەکی یاسایی بووە یان بەئامانجکردنی سیاسییە؟ 
 
جبووری: ئێمە چووینە بەردەم دادگە، هیوادارم دادگە هەموو ئەم پێشێلکارییەی لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک روویاندا، ببینێت و هەوڵی چارەسەرکردنی بدات. 
 
رووداو: ئێستا ئێوە بە کەفالەت ئازاد کران....
 
جبووری: من باس لە دادگەی کارگێڕی دەکەم، ئەو سکاڵایەی بۆ من ئامادەکراوە دەچینە بەردەم دادگە و هەموو پرسەکە بە یاسا چارەسەر دەکەین. 
 
رووداو: دەگەڕێنەوە ئەنجوومەنی پارێزگا؟
 
جبووری: نەخێر نەخێر تاوەکو ئەم ساتە هیچ پێشهاتێک نییە، پێویستە دادگە پرسەکە یەکلایی بکاتەوە. 
 
رووداو: ئەی پەیامتان بۆ پێکهێنانی حکومەت چییە؟
 
جبووری: پەیامی خۆمان گەیاند و ئێوەش دەتوانن بەمشێوەیە قسەکانمان بگوازنەوە. سوپاس. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە