رووداو- سلێمانی
بەهۆی ئەو مامەڵەیەی لە نێوانیاندا هەبوو، ئاسۆ بڕێك پارەی كەوتبووە لای (خ)ی هاوڕێی، بەڵام (خ) لە جیاتی ئەوەی پارەكەی بداتەوە، پلانی كوشتنی ئاسۆ دادەنێت و هاوڕێیەكی خۆیان رادەسپێرێ بیكوژێت، هاوڕێكەشی پلانەكە جێبەجێ دەكات. دوای تاوانەكەش سێ كەس بە تۆمەتی كوشتنی ئاسۆ دەستگیر دەكرێن.
شەوی 14/1/2017 تەرمی (ئاسۆ، ئا) تەمەن 40 ساڵ، لەنێو باخەكەی خۆی لە ناوچەی تەگەرانی سەر بە ناحیەی چوارتای شاری سلێمانی بە كوژراوی دۆزرایەوە. ئاسۆ سەڵت بوو، لە پێشانگایەكی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل كاری دەكرد.
نەقیب سائیب سەلام، گوتەبێژی پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی سلێمانی بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو گەنجە بە گوللە كوژراوە، دوای رووداوەكەش هێزەكانی پۆلیس بە هاوكاریی ئاسایش توانییان بكوژانی كە سێ كەس بوون، دەستگیر بكەن. بكوژەكانی بریتی بوون لە (م.ع) 51 ساڵ، بكوژی سەرەكی. (خ.م) 25 ساڵ و (ئا.ب).
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (رووداو) كەوتوون، لە لێكۆڵینەوەدا دەركەوتووە، (خ) هاوڕێی كوژراوەكە بووە و بەهۆی كڕین و فرۆشتنی زەوییەوە بڕێك پارەی ئاسۆ لای (خ) بووە، رەنگە داوای پارەكەی لێكردبێتەوە، شەوی رووداوەكەش بڕیار بووە ئاسۆ لە باخەكەی خۆی میوانداریی (خ) و (م)ی بكوژ بكات.
ئەو سەرچاوەیە گوتی "ئاسۆ لەڕێگەی (خ)ەوە بكوژەكەی ناسیوە، ئەو شەوەش سەرەتا ئاسۆ و (م) لە باخەكە بوون و بڕیار بووە (خ)یش لە سلێمانییەوە بڕوات بۆ لایان، بەڵام پێش گەیشتنی هاوڕێكەی ئاسۆ، (م) بە گوللەیەك ئاسۆی كوشتووە و دواتر بە (خ)ی گوتووە كارەكەی تەواو كردووە".
سەرچاوەكە گوتیشی "رووداوەكە بە پلانی (خ) بووە و مەبەستیشی شاردنەوەی ئەو پارەیە بووە كە لەنێوانیاندا بووە، بەڵام نازانرێت بڕی پارەكە چەندە، بۆ كوشتنەكەش بەڵێنی بە (م) دابوو پارە و ئۆتۆمبێلی بداتێ".
بە قسەی سەرچاوەكە، هەر لە شەوی رووداوەكەدا كەسوكاری كوژراوەكە گومانیان لە (خ) بووە دەستی لەو كارەدا هەبێت، بۆیە سەرلەبەیانی رۆژی دواتر (خ) دەستگیركراوە، لە ماوەی سێ رۆژیشدا بكوژی سەرەكی و كەسێكی دیكەش كە دەمانچەكەی شاردووەتەوە، دەستگیركراون.
سەرچاوەكە هەروەها گوتی كە "تۆمەتبارەكان دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە".
هاوڕێیەكی ئاسۆ بە (رووداو)ی گوت "ئاسۆ چەند ساڵێك بوو لە پێشانگەكان مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی دەكرد، بەڵام ئەو دوو كەسەی دیكەم نەبینیوە، دوای رووداوەكەش گوتیان لەسەر حیساباتی بەینی خۆیان بووە، بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین ئاسۆ باری دارایی باش بوو، كەسێكی بێ كێشە بوو".
(رووداو) هەوڵیدا رای كەسوكاری كوژراوەكە وەربگرێت، بەڵام ئامادە نەبوون قسە بكەن.



