سۆران بەهائەددین
رووداو -هەولێر
بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدەی سەر بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ژنی دووەم دەهێنێت و ژنی یەكەمیشی سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات و دەڵێت مێردەكەی زیاتر لە ساڵێك “پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سكرتێرەكەی خۆی هەبووەو پاشان هێناویەتی”، بەڵام بەڕێوەبەری كەناڵی سپێدە دەڵێت “پەیوەندیمان نەبووە”.
مارەكردنی ژنی دووەمی بوخاری جەمیل، لە رۆژی 3/4/2013 و لە دەرەوەی دادگا بووە، تارا ئیبراهیم، هاوسەری یەكەمی بوخاری جەمیل، دژی ئەو ژن مارەكردنە بووەو دەڵێت “بوخاری دەبێت تەڵاقم بدات و ژیانێكی دیكە هەڵدەبژێرم”.
تارا و بوخاری خاوەن چوار منداڵن (دوو كچ و دوو كوڕ) كە كچە گەورەكەیان لە پۆلی 12ی بنەڕەتییە، بوخاری كوڕی خاڵی تارایە و 18 ساڵە ژیانی هاوسەرییان پێكهێناوە، تارا باسی لەو ماوەیە كرد كە مێردەكەی پەیوەندی “خۆشەویستی” لەگەڵ كارمەندێكی كەناڵەكەی دروستكردووەو پاشان هێناویەتی “ئێمە هیچ كێشەمان نەبوو، هەتا باسی ژنهێنانی دووەمی كرد، رۆژی 12/5/2012 لە سەفرەیەك بووین، ئەو كچەمان لەگەڵ بوو كە ناوی (ش.ح)یە و تەمەنی 30 ساڵە، ئینجا پێیانگوتم ئەوە ساڵێكە پەیوەندی خۆشەویستییان هەیە”.
تارا ئیبراهیم، ئەندازیاری مەدەنییە، بوخاری جەمیلیش دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانە، دواتر لە موسڵ لە زانكۆیەكى
بوخاری گوتی دەچمە پێشانگای كتێب، كەچی ژنی مارەكرد و هەتا رۆژی دووەم نەمزانی
ئەهلی بەكالۆریۆسی بەدەستهێناوەو ئێستاش لە سوودان خەریكی خوێندنی ماستەرە. تارا ئیبراهیم دەڵێ“باوك و براكانی بوخاری رێگرییان لێكرد ئەو ژنە بهێنێت، لە 2/7/2012 ئەو بابەتە تەقیەوە، بۆیە دوای ئەو رۆژە كچەكەیان لە كەناڵی سپێدە دوورخستەوە، دوای ئەوە بوخاری بەردەوام خەریكی نامە ناردن بوو، رەمزیشی لەسەر مۆبایل و لاپتۆپەكەی دانابوو، هەتا درەنگی شەو لەسەر فەیسبووك قسەی لەگەڵ دەكرد”.
دوای دوورخستنەوەی (ش) وەكو تارا دەڵێت، “بوخاری مانگانە 500 هەزار دیناری بەو كچە داوە، بەناوی ئەوەی كچەكە مۆڵەتی نەخۆشی وەرگرتووە و ئێستاش ناوی لە لیستی مووچەی كارمەندانی سپێدەیە. بوخاری لە فەیسبووك بۆ خاڵی كچەكەی نووسیبوو: ئەگەر من و (ش) بەیەك بگەین، دەیبەمە سوودان لەگەڵ خۆم بۆ خوێندنی ماستەر”.
بەڵام بوخاری جەمیل، بە (رووداو)ی گوت جگە لە داخوازیكردنی ئەو كچە، هیچ جۆرە پەیوەندییەكی دیكەیان نەبووە “هەموو كارمەندان شایەتی ئەو راستیەن، بەڵام لەبەرئەوەی سەرەتا باوكم رازی نەبوو كە خاڵی خێزانمە، بۆیە بابەتەكە درێژەی كێشا، تا دوایی باوكم رازی بوو كە ئەو كارەی من هیچ ناشەرعییەكی تێدا نییە”. بەپێی قسەكانی بوخاری، هیچ پارەیەكیان بەو كچە نەداوە، جگە لەوەی مانگانە دەوامی ئاسایی خۆی كردووە “وەكو كارمەندێك كاری تایپێستی كردووە”.
بۆ هێوركردنەوەی مەسەلەكە، وەكو تارا دەڵێت، دوو خوشك و دایكی چوونەتە ماڵی كچەكەو پێیانگوتووە واز لە ژیانی تارا بێنە “دایكی كچەكە دەیگوت بوخاری 50 جار هاتووەتە داخوازی كچەكەم نەمانداوەتێ، لەبەر ئەوەی باوكی بوخاری رازی نەبووە، بەڵام هەر ئەوكاتە (ش) پەیوەندی بە بوخارییەوە كردو بوخاریش گوتی نێوانی من و تۆ تەواو”.
تارا دەڵێت “دوای ئەو رووداوە بوخاری ماڵی بەجێهێشت و سێ شەو لە سپێدەو 14 شەو لە هۆتێل نووست، كە هاتەوەش چووە سوودان، تا 11/3/2013 هاتەوە كوردستان و ئەمجارە زۆرباش بوو لەگەڵم، بەڵام هەموو شەو دەچووە دەرەوە بەناوی نەخۆشی دایكی، كەچی خەریكی رێكخستنی مارەكردنی كچەكە بوو”.
زیاتر لە 50 خێزان لە مەراسیمی ژن مارە كردنەكەم ئامادە بوون، ئەوە كەی نهێنییە؟
رۆژی مارەكردنەكە، وەكو تارا دەڵێت بوخاری نیوەڕۆكەی لە ماڵ نانی خواردووە “بوخاری گوتی دەچمە پێشەنگای كتێب، بە نهێنیش سیمكارتی منی لەناو مۆبایلەكەم دەرهێنابوو، تا كەس تەلەفۆنم بۆ نەكات، بە چاكەت و ریباتەوە چووە دەرەوە، كە ئێوارە هاتەوە زۆر دڵی توندبوو، ئەوە ژنیشی مارە كردبوو، ئەو شەوە زۆر خەمی دەخوارد، بوخاری زۆرجار دەستی منی ماچ دەكرد، دەمگوت ئەو كچە مەهێنە رازیم كچی دیكە بهێنی، بەڵام بوخاری دەیگوت ئەو كچە 7 مێردی دیكەش بكات هەر دەیهێنم، خانوویەكیشم بە قەرز بۆ كردووە، هەروەها دەیگوت پێویستم بە مۆری تۆ نییە لە دادگا”. تارا رۆژی دواتر لە براكەی بیستووە كە مێردەكەی ژنی دووەمی هێناوە.
بوخاری بە هەموو شێوەیەك رەتیدەكاتەوە كە ئەو كارەی بە نهێنی كردبێت و دەڵێت “مەراسیمی مارەكردنەكە بە ئامادەبوونی كەسوكاری هەردوولا بووە، لە كوێ دزی و نهێنی شوێنی دەبێتەوە، كە زیاتر لە 50 خێزان ئامادە بوون”.
دوای مارەكردنی ژنی دووەم، تارا چووەتەوە ماڵی باوكی و منداڵەكانی لای بوخاری جێهێشتووە، تارا ئێستا سكاڵای لە دژی مێردەكەی تۆمار كردووە، لەبەر ئەوەی “پیاوەكەم بەنهێنی ژنی مارە كردووە، داوای تەڵاق دەكەم، لە داخی بوخاری شوو دەكەمەوە، بوخاری دەیەوێت منداڵەكانی بۆ بەخێوبكەم، ئەویش دوو مانگ جارێك بێتەوە ماڵ، بەڵام دانانیشم هەتا مافی خۆم وەردەگرمەوە”.
بوخاری ئامادە نییە تارا تەڵاق بدات و بە هاوبەش و پشتیوانی خۆی دەزانێت “لە ژیانمدا نە قسەیەكم پێگوتووە، نە لێمداوە، هەمووكات هاوكارێكی زۆرباشی یەكتربووینە، ئێستاش لە گیانی خۆم خۆشتر دەوێت، ئەوەی دەیكات پەرچەكردارە، نەك كرداری راستەقینە، ژنهێنانی دووەم وایە، ئافرەت بە زەحمەت قبوڵی دەكات”.




